٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسروور بارزانی دەوڵەتمەداری لۆژیکی سیاسی و ستراتیژ

سەرچاوە: KDP.info

د. سامان سۆرانی 

دەوترێ دەوڵەتمەدار تەنیا سیاسی، یان بەرپرسێك نییە، کە پۆستێکی وەرگرتبێت، بەڵکو  کەسێکە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی کەسی و حزبییەوە و کار بۆ بونیادنانی دامەزراوەکانی وڵاتەکەی دەکات  و بەردەوام بیر لە نەوەکانی ئایندە دەکات. بە واتایەکی تر دەوڵەتمەدار ئەو کەسەیە، کە لە کاتە سەختەکاندا جڵەوی بڕیاردان دەگرێتە ئەستۆ و بەهەر نرخێ بێت شان دەداتە بەر بەرپرسیارێتی تەواو.

ئەم تایبەتمەندیانە لە دەوڵەتمەدار مەسروور بارزانی دەبینرێ، چونکە ئەو هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆكی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، نیشتمانی لە دەوری پرۆژەیەکی کۆمکار و بونیادنەر یەكخست و ووتی، هاووڵاتیان دروشمیان ناوێت، بەڵکو کارەبا و ئاو و کار و دادپەروەرییان دەوێت. 

بۆیە بێ ووچان کاری بۆ بەهێزکردنی کوردستان کرد، بەدامەزراوەیی کردنی جومکەکانی حکوومەت و خزمەتکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و پارێزگاریکردن لە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان کرد بە بەرنامەی حکوومەتەکەی، بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان وابەستەی ئیرادەیەکی دەرەکی بکات. 

مەسروور بارزانی بە لۆژیکی سیاسی سەلماندی، کەوا توانای بڕیاردانی درێژخایەنی هەیە لە بواری ئابووری، ئاسایش، پەروەردە و سیاسەتی دەرەوە. پلانی بۆ سی ساڵی داهاتوو داڕشت، نەوەك بۆ ئەوەی خولێکی تر هەڵبژێردرێتەوە. 

سەرۆكی حکوومەت سەروەری و ناسنامەی کوردستانی بە پیرۆز دەزانێت،  مافی گەلی کوردستان فەرامۆش ناکات و ناچێتە ناو ململانێ ناوخۆییەکانەوە، تا گەلی کوردستان لاواز و پەرتەوازە نەبێت. 

ئەو لە نێوان شکۆمەندی نیشتمانی و واقعییەتی سیاسی و لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەمیشە هاوسەنگی ڕادەگرێ. 

مەسروور بارزانی بڕوای تەواوی بە هاووڵاتیانی کوردستان هەیە، کە ئامادەن لە پێناو نیشتمانیان قوربانی بدەن. 

بۆیە کارە لە پێشینەکانی لە خوێندن و تەکنەلۆژیا و تەندروستی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و دادپەروەری و ڕاهێنانی لاوان و پاڵپشتی ئافرەت و توێژەکانی تری کۆمەڵگە چڕکردۆتەوە، تا لە ڕێگەیانەوە مرۆڤی نیشتمانساز و متمانە بەخۆ و بەرهەمهێن درووست بێت. ئەو باوەڕی وایە، گەورەترین سامانی نەتەوە توانا مرۆییەکانە نەوەك نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی تر. 

دەوڵەتمەدار لە کاتی قەیران و لە قۆناغە سەختەکان دەردەکەوێت، پێش دەکەوێت و قەیرانەکانی وەکوو کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بودجە لەلایەن عێراقی فیدڕاڵەوە دەکات بە دەرفەتێ بۆ بونیادنان، تەنانەت ئەگەر هیچ کەسیش چەپڵەی بۆ لێنەدات.   

مەسروور بارزانی دەڵێ، ئێمە ناتوانین کەس ڕازی بکەین، کە لەگەڵمان بوەستێت ئەگەر سەرەتا خۆمان چاک نەکەین. 

ئەو بڕوای تەواوی بەوەیە، کە چاکسازی کلیلی بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، دەتوانرێ چاکسازی وەکوو بنەمایەك دابنرێت بۆ بەهێزکردنی شەرعییەتی سیاسی.

کەواتە فەلسەفەی مەسروور بارزانی لەسەر بنەمای بنیاتنانی دامەزراوەی سەربەخۆ و کاریگەر و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات هەڵقووڵاوە، دوور لە پشتبەستنی تەواو بە بەغدا، کە لە ساڵانی ڕابووردوو بینرا چەند گرفت و قەیرانی بۆ حکوومەتی هەرێم درووست کرد، تا لەسەر ئەو ڕاستەڕێیەی کە دەڕوا و پێش دەکەوێ، لای بدات. 

مەسروور بارزانی هەمیشە جەختی لە سەربەخۆیی دارایی و سیاسی هەرێم کردووە، وەک هەنگاوێک بەرەو هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو، وەکوو سەربەخۆیی سیاسی، دەبینرێ لەم بوارەشدا هەنگاوی زۆر بەرەو پێشەوە نراوە. 

سەرۆکی حکوومەت لە سەرووی هەموو شتێکەوە گرنگی بە ئابووری دەدات و ئامانجی ئەوەیە هەرێم ببێت بە ناوەندێکی هەرێمی بۆ وزە و وەبەرهێنان.

ئەو پاڵپشتی کەرتی تایبەت، تەکنەلۆژیا و وزەی نوێبوونەوە دەکات، وەکوو بەشێک لە ستراتیژی داهاتووی هەرێمی کوردستان. هەرگیز دەستبەرداری مافەکانی گەلی کوردستان نابێت، لە هەمان کاتدا کاری ئارام و ستراتیژی درێژخایەنی مەبەستە. 

هەروەها بۆ قۆناغی ئێستا بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا پشت بە دیالۆگ و دەستوور دەبەستێت، بەڵام لەهەمانکاتدا بڕوای تەواوی بەمافی چارەی خۆنووسین هەیە، وەکوو بژاردەیەکی ئایندەیی گەلی کوردستان. 

لە هەمان کاتدا دەزانێت، کەوا کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ و کەنداو بە گرینگ دەبینێت و پاراستنی تایبەتمەندی بڕیاری کوردستان بەهەند وەردەگرێت. 

بۆیە مەسروور بارزانی دەڵێ، ئێمە ئەمڕۆ دەستکەوتەکانمان دەپارێزین، بۆ ئەوەی بتوانین سبەینێ خەونەکەمان بەدی بهێنین. کەواتە سەرکەوتنی لۆژیکی سیاسی و ستراتیژی مەسروور بارزانی لە حوکمڕانی سەرکەوتن و دەسکەوتە بۆ سەرکردایەتی سیاسی و هەموو تاکێکی کوردستان.  

 

هەواڵی پەیوەندیدار