سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان سەلماندی كە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شۆڕشی گوڵان، یەکێکە لە گرنگترین وێستگەکانی بەرخودان و خەباتی گەلی کوردستان کە درێژکراوە و ھەڵگری پەیام و ئامانجەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی.
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
شۆڕشی گوڵان، یەکێکە لە گرنگترین وێستگەکانی بەرخودان و خەباتی گەلی کوردستان کە درێژکراوە و ھەڵگری پەیام و ئامانجەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. لە بارودۆخی نالەباری دوای نسکۆ و لە ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیارانی گەلی کوردستان توانرا بە پلانێکی وردی تەنزیمی و سەربازی و بە ئیرادەیەکی بەھێز شۆڕشی گوڵان ھەڵبگیرسێت.
لە شۆڕشی گوڵاندا گەلەکەمان قوربانیی زۆری دا، زۆر پێشمەرگەی قارەمان گیانی خۆیان فیدای کوردستان کرد، بەشێکی زۆری ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ئاوارەیی و ماندوویەتی و کۆڵنەدانیان ھەڵبژارد. شۆڕشی گوڵان بۆ ھەموو لایەکی سەلماند کە ئیرادەی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی ھەرگیز ناشکێت و بەردەوام دەبێت.
لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو بۆ گیانی یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان شەھید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و ھەموو شەھیدانی کورد و کوردستان دەنێرین، ھەروەھا پێزانینم بۆ ھەموو ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتیمانپەروەرانە ھەیە کە ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا ھەبوو و شانازییان بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد.
مسعود بارزانی
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥




