٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەرز و پیرۆز بێت یادی ٢٦ی گوڵان

سەرچاوە: KDP.info

فازڵ میرانی

شۆڕشی گوڵان درێژەدان بوو بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول. دووبارە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتیی خۆی و کادیرانی چالاک و نەبەردی، ئاڵای شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستانی گرتەوە دەست و دوای ساڵێک لە خامۆشکردنی ئاگردانی شۆڕش بە پیلانێکی ھاوبەشی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی، ئەم جارە بە ھەمان ھەناسە و خواست و ئامانجی بەرزی شۆڕشی ئەیلوول، پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی پارتی لە شار و شاخ کەوتنەوە خۆ و دژ بە ستەم و زۆرداریی حکومەتی خۆسەپێنی بەعس تێکۆشان و شۆڕشیان دەست پێکردەوە.

شۆڕشی ئازادیخوازی گوڵان لە ساتەوەختێکی زۆر دژواری نەتەوەکەمان و لە ھەلومەرجێکی سەختدا بەرپا بوو. دوای نسکۆی ١٩٧٥ و پیلانی جەزایر، نائومێدی باڵی بەسەر دۆخی دەروونیی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەماندا کێشا بوو، ھاوکات حکوومەتی عێراقیش سیاسەتێکی دژە مرۆڤانەی دەرھەق بە نەتەوەکەمان و تێکۆشەرانی ڕێی ڕزگاریی کوردستان پیادە دەکرد. دەست پێکردنەوەی شۆڕش ھیوا و ئومێدی گەورەی لە نێو دڵی ڕۆڵەکانمان بووژاندەوە و ئەوەی دووپاتکردەوە کە کورد نەتەوەیەک نییە بە پیلانی چەند جەمسەرە چۆک دابدات، بەڵکوو مەشخەڵی شۆڕش تا گەیشتن بە ماف و ئازادی، ھەر گەش و لە بووژانەوەی بەردەوامدا دەبێت.

شۆڕشی گوڵان و تەواوی بزاڤ و خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەردەم پشتی بە ورەی بەرزی نەتەوەی کورد بەستووە. 

ڕۆڵەکانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، ھەموو کات بۆ پشتیوانی کردنی پارتی و ڕێبازی ڕزگاریخوازانە و مرۆڤدۆستانەی بارزانیی نەمر ئامادە بوون. ورەی بەرزی گەل و خۆڕاگری و خۆ نەچەماندنی ڕۆڵەکانی وڵاتمان بەرانبەر بە گوشاری نەبڕاوەی ڕژێمی داگیرکەری بەعس، ھێندەی دیکە گوڕوتینی زیاتری بە شۆڕشی گوڵان دا تا بگەینە ئامانجی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی گەلەکەمان.

لە (٤٩)ـەمین ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز بە دەرفەت دەزانین، دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەو شۆڕشە و سەر کاروانی شەھیدان بارزانیی نەمرو کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد و تەواوی شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دەنێرین. تێکۆشانی مەدەنی و یاسایی و دەستووری و ئاوەدانیی ئێستای وڵاتمان، توێشووی خۆی لە قوربانیدان و خەباتە پڕ لە نەبەردییەکانی شۆڕشی گوڵان و شۆڕشە یەک لە دووای یەکەکانی گەلەکەمان بەدەست ھێناوە. بە ھیوای کوردستانێکی ئازاد و گەش و ھەردەم ئاوەدان، دروود بۆ تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە پێناو گەیشتن بە سەرفرازیی یەکجارەکی.

هەواڵی پەیوەندیدار