٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بەرەو ئاستێكی تر

سەرچاوە: KDP.info

زاگرۆس فەتاح

‎سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ ئەمریکا لەم هەفتەیەدا و پێشوازیی گەرمی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و واژۆکردنی گرێبەستی گرنگ لە بواری وزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا  بە گرنگییەوە لە میدیا ئەمریكی و جیهانییەکاندا باسکرا، ئەم سەردان و گەشتە دیپلۆماسییەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان و واژووكردنی ئەو ڕێككەوتنە و هێنانە سەر هێڵی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بۆ پشتگیریكردن لە هەرێمی كوردستان، پێگەی هەرێمی كوردستانی لە عێراق و ناوچەكەدا بەهێز و پشتقایم و كاریگەرتر كرد و  ئاسۆی گەشانەوە و بازدانێكی گرنگی دۆخی ئابووری هەرێمی بەدەرخست.

‎ئەمریکا ڕاستە بەردەوام باس لە ئاسایش و ئارامی عێراق و یەكگرتویی ئەم وڵاتە دەكات، بەڵام  بەردەوامیش دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە لە پاڵ عێراقێكی سەقامگیر و یەكگرتوودا، پێویستە هەرێمێكی بەهێز و سەقامگیر و فیدراڵیش هەبێت، واتە مەرجی ئەمریكا بۆ عێراقی سەقامگیر و یەكگرتوو هەرێمی كوردستانی بەهێز و سەقامگیریشە.

‎ لە لێدوان و پەیامەكانی دوای ڕێككەوتنی وزەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكاندا جارێكی دیكە بەرپرسانی ئەمریكا پێداگیریی خۆیان دووپات كردەوە كە مەبەستیانە پشتگیریی لە هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و بەهێزیی و پتەوی ئابوورییەکەی بكەن، بێگومان ئەمەش بێ هۆ نیە، بەڵكو پەیوەندی بە سیاسەتی دروستی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

‎ئەوانەی كەمێك شارەزای ئابووری بن دەزانن كە گرێبەستێکی ئاوا گرنگی ئابووری لە بواری وزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دا هەنگاوێكی گرنگی بەرهەمهێنانی وزە و گەشە پێدان و باشترکردنی دۆخی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەک، لە لایەکی دیکەشەوە  ئەم گرێبەستە کاریگەریی ئابووری و سیاسیی ڕاستەوخۆیشی هەیە و دەتوانێت سەرچاوەی داھاتی نوێ بۆ هەرێم و عێراق بکاتەوە و یارمەتی سەقامگیریی ناوچەکە بدات.

‎ئەدای سیاسی و دبلۆماسیانەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بەو ئاستە بەرزە، هاوپەیمانێتی نێوان کوردستان و ئەمەریکای بردە قۆناغێکی نوێوە، کە بۆ هەردوو لایەن لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە گرنگەو ڕەهەندی ستراتیژی خۆی هەیە.

‎هەوڵدانی بێوچان و هەنگاونان بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە ناوچەكە و جیهاندا  ئامانج و دیدگا و ستراتیژی لەمێژینەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆك (مەسعود بارزانی)ـە، ئەم بەرنامە و ئەجێندایەی پارتی دوژمنانی کورد و دوژمنانی پارتیشی  هەراسان و سەغڵەت و ئۆقرەبڕ کردووە!  ئەمە ئەجێندایەکی نەتەوەییە، بۆیە پارتی لەسەختتریین قۆناغ و بارودۆخەكانیشدا دەستبەرداری نەبووە، ئەوەتا دەبینین لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی ئاداری ١٩٩١ بەدواوە بە شێوازی جۆراوجۆر و ئاستی جیاجیا  دەرئەنجامی هەبووە و بەردەوامیش ئەو دەرئەنجامە زیاتر و پڕبەرهەمتر دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار