دیوی پشتەوەی پەیامەکانی ئەمەریکا بۆ کوردستان

د.نەھلە ئەفەندی
لەماوەی یەک ھەفتەدا بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان جوڵەیەکی بەھێزی دیپلۆماسی لە واشنتۆن ئەنجامدا کە لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا ٢٠ دیداری گرنگی ھەبووە لەناویاندا بینینی وەزیری دەرەوەی و وزەی ئەو وڵاتە، ئەم سەردانە وەچەرخانێکی گرنگی سیاسی و دیپلۆماسی بوو بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێمی کوردستان، چونکە دیدگای ئەمەریکای بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان تازەکردەوە و پشتیوانەکەی بەھێزتر بوو، لە تازەترین پۆستی، (مارکۆ ڕۆبیۆ)، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەدا پشتگیری بەردەوامی ئەمەریکای بۆ بەھێزی و خۆڕاگریی ھەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە کە بۆ سەقامگیری عێراق و سنووری ناوچەکە گرنگە.
ھەروەھا وەزیری وزەی ئەمەریکاش دەڵێت: "قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی کردووە، ھەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی باشی وزەی ھەیە، ھاوکات بۆ ئێمەی ئەمەریکا دەرفەتێکی زۆر باشی وەبەرھێنان و ھەماھەنگییەک باش ھەیە، نموونەکەشی واژووکردنی ئەو دوو ڕێککەوتننامەیە کە کرا، ھەربۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە زۆر باشتر و باشتر بێت.
وەزیری وزەی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، وەبەرھێنانی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان دەکەین نەوت و غازیش زیاد دەکەین، گرنگی بە ھەموو سەرچاوەکانی وزە دەدەین، بۆ ئەوەی کارەبایەکی زۆرباش لە ھەرێمی کوردستان دابین بکەین و وڵاتانی دیکەش سوودی لێوەرگرن.
ئەوەی گرنگە ھەردوو وەزیر لە ھەیکەلیەتی ئیدارەی تازەی ترەمپ، ڕۆلێکی بەھێزیان ھەیە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەوڵەت و دەتوانن لە داھاتووشدا کاریگەریان ھەبێت لە گۆڕانکاری ناوچەکە، ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمەریکا، جگە لەوەی کە لەڕووی سیاسییەوە گرنگ بوو، لەھەمان کاتدا توانیان کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا بھێننە کوردستان و بەبەھای ١١٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنان بکەن، تێڕوانین ئیدارەی تازەی ئەمەریکا زیاتر تێڕوانینێکی ئابووریە بەمەبەستی بووژانەوەی ئابووری ئەمەریکا، بۆیە ئەوەی کوردستان کردوویەتی ڕاکێشانی سیاسەتی ئەمەریکایە بە ئامانجی دروستکردنی ھاوبەشی لەنێوان ھەردوولا و دواجار لەم ڕێگایەشەوە ئەمەریکا دەتوانێت زیاتر لە جاران پشتیوانی کوردستان بکات، و ئەم جارە تەنیا تێروانینی دەوڵەتی ئەمەریکا نییە لەسەر پشتیوانی کوردستان بەڵکو لە ئاستی گەورە کۆمپانیاکانییان بەرژەوەندیان لە کوردستان دروست بووە و دەیانەوێت ھاوکاری زیاتری کوردستان بکەن، جیا لەوەش ئەم گرێبەستانە وەڵامی زۆر بابەت دەداتەوە کە چەند ساڵە بەسیاسەتێکی نادروستەوە لە بەغداوە ھەوڵدەدرێت گیروگرفت لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دروست بکرێت و ھەر مانگەو بەبیانویەکی جیاواز مووچەی خەڵکی کوردستان دوادەخەن و نایدەن، لەم ڕوەوە دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق لەوە تێبگەن کە ئەم گرێبەستە بۆ بواری گاز کراوە تەنیا کوردستان لێی سودمەند نییە بەڵکو پڕۆژەیە بۆ ھەموو عێراق و لەو ڕێگایەوە ژێرخانی ئابووری کوردستان و کەرتی وزە بەتایبەت گاز بەھێزدەکات کە ئێستا عێراق گیرۆدەی نەبوونی کارەبا و قەیرانە لەو کەرتەدا لەو ڕوەوە کوردستان دەبێتە جێگرەوەی گاز و کارەبای تەواوی عێراق کە ئێستا پشتیپێ دەبەسترێت.
ھاوکات بەشێکی دیکەی گرنگی سەردانەکە خستنەڕووی کاری حکوومەت بوو لە بواری کارەبا و سیستەمی بەبانکیکردنی مووچە کە دوو دەسکەوتی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوون، بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی 'ھەژماری من' نیشانداوە لە کۆبوونەوەی فەرمی شاندی حکوومەتی ھەرێم و ئەمەریکا و ئەم سیستەمە بۆ ئەمەریکا جێگای خۆشحاڵی و پشتیوانی کردنیشە، چونکە چەند ساڵە ئەمەریکا لە ڕێگای وەزارەتی گەنجینەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە پارەی دۆلاری ئەمەریکی بەشێوەی نایاسایی لەبازاڕی قاچاغ لە عێراق سپی دەکرێتەوە، بۆیە ئەم سیستەمە دەتوانرێت ھەنگاوی زۆر گرنگ بنێت لەوەی سەرجەم ئەو ناڕێکیانە لە سیستەمی پارەی کاش چاک بکاتەوە و چیتر بەشێوەی کۆن و کلاسیکی مووچەخۆرانی کوردستان مووچەکانیان وەرنەگرن و کوردستان ببێتە نموونەیەکی بەھێزی سیستەمی بەدیجیتاڵکردنی بانکی کە ئەمەش بۆ بوێری و ھەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەت دەگەڕێتەوە، چونکە دەستووریش ڕێگەی پێداوین و مافی خۆشمانە کە لە بواری نەوت و گاز گرێبەست بکەین.




