٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسروور بارزانی ئاسۆی نوێی بۆ هەرێم کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

دکتۆر سامان سۆرانی 

سەرۆکی حکوومەت، دەوڵەتمەدار مەسروور بارزانی، کە خاوەن دیدگایەکی ئایندەیی ڕوونە و لە ژیانی سیاسی بنەماکانی ڕێبازی بارزانی نەمر پەیڕەو دەکات و گەشە بەو فەلسەفەیە دەدات، لەماوەی چەند ساڵی حوکمڕانی خۆی هەرێمی کوردستانی بە لۆژیکی حوکمڕانی باش بەڕێوەبردووە و ئەو ڕاستییەی بۆ ناوخۆ و جیهانی دەرەوە سەلماندووە، کە باوەڕهەبوون بە دۆکترینی ئایندەسازی دەتوانێت پەرە بە تواناکانی هەرێمی کوردستان بدات و بە ویست و ئیرادەی پۆڵایینی دەتوانێت گەلی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی بەرێت. 

ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئابوورییانەی، کە لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵی ڕابووردوو لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە، چ لە ڕووی تۆکمەکردنی ژێرخان، چ لە ڕووی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، گەواهی بۆ ئەو ڕاستیە دەدەن، کە سیاسەت و دیبلۆماسیەتی مەسروور بارزانی توانیویە هەرێمی کوردستان وەکو ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەربخات و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەر سەکۆی نێودەوڵەتی بە بەهێزی نمایش بکات. 

سەردانە میژووییەکەی ئەم جارەی سەرۆكی حکوومەت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ سیناتۆر و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری  ئاسایش و سەربازی و پتەوکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر ڕۆڵی گرینگ و سەرەکی هەرێم لە ناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئایندەدا، لەکاتێکدا بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا و هەرێم زۆر بە ووردی ڕەچاوکراون.

دەوڵەتمەدار مەسروور بارزانی لە تەواوی دیدارەکانی چەند ڕۆژی ڕابووردووی لە ئەمریکا فۆکسی خستۆتە سەر پەرەپێدانی هەر دوو کەرتی نەوت و گاز و ژێرخانی تر، بە واژووکردنی ژمارەیەك گرێبەست لەگەڵ گەورە کۆمپبانیا ئەمریکییەکانی ئەو دوو بوارە ئاسۆی نوێی بۆ وەبەرهێنان وپەرەپێدان لە هەرێم کردەوە.

لە ڕێگەی ئەو شێوازە لە هاوکاری لایەنی ئەمریکی دەتوانێ پشکداربێت لە زیادکردنی بەرهەم و باشترکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە حکوومەتی فیدڕاڵ. 

ئەم هەنگاوە گرینگ و ستراتیژەییەی دەوڵەتمەدار مەسروور بارزانی لە کاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغداوە دەخرێتە ژێر فشاری ئابووری و کۆسپ و تەگەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پەرەپێدانی بەردەوامی درووست دەکرێت. 

لە ڕوانگەی ئایندەسازییەوە دەوڵەتمەدار مەسروور بارزانی باوەڕی بەوە هەیە، کەوا ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین لایەنگرانی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەرێم و هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانێ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لەو وڵاتەوە بۆ هەرێم فەراهەم بکات، هەروەها ئەو پەیوەندییانە توانای هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت بە شێوەیەکی کاراتر و شەفافتر بەرز دەکەنەوە. بوونی وەبەرهێنانە ئەمریکییەکان لە هەرێم دەبێتە مایەی ڕەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ئاستی بژێوی ژیان بۆ دانیشتوان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە هەرێم و ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی تر، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە ئاسایشی و سیاسیانەی، کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، هەموو ئەمانە دەتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەرییان هەبێت لەسەر  ئابوری نیشتمانی و زەمینەساز بن بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان سەربەخۆتربێت و بواری زیاتر دەخەنە بەردەم هەرێم بۆ هاوکاری لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، ئەمەش دواجار بەسوودی سەقامگیری لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە.   

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەسایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆك بارزانی و پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە لەلایەن دەوڵەتمەدار مەسروور بازرانی دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ دەرخستنی خۆی وەکوو ئەکتەرێکی کارا لەسەر کۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکوو لایەنێکی خاوەن سەروەری، کە ئامادەیە لە بازاڕەکانی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشدار بێت و وێنەی خۆی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باشتر دەربخات، دەرفەتی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتەکان و کۆمپانیاکان زیاتر دەبێت. 

ئەم سەردانە جاڕدانێکی سیاسی ڕوونە، کە هەرێمی کوردستان ئارەزوومەندە سەربەخۆیی خۆی بەهێز بکات و وەکو پێکهاتەیەکی سیاسی و ئابوری سەربەخۆ بە دوای دانپێنانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەڕێ.

لە کاتێکدا لایەنانی تر لە عێراق و لە ناوچەکە بەدوای پاشاگەردانی و تێکدان دەگڕێن، مەسروور بارزانی ئەرکی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و ئایندەسازی لە ئەستۆ گرتووە، چونکە ئەو باوەڕی بە خاك و نیشتمان هەیە و دەزانێ دوا ڕۆژی کوردستان ڕوون و پرشنگدارە و پێویستە گەلی کوردستان پاش ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە بە ئاسوودەیی و شکۆمەندانە ژیان بەسەر بەرێت. 

هەواڵی پەیوەندیدار