شۆڕشی گوڵان.. هەوێنی دەستکەوت و شانازییەکان

نارین عەبدولقادر
بە بۆنەی یادی 49 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پیرۆز و نزیکبوونەوە لە یۆبیلی زێڕینی ئەو شۆڕشە مەزنەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەین، کە رۆڵیان لەو شۆڕشە پڕ دەستکەوتەی گەلەکەماندا هەبووە، کە دوای پیلانەکەی جەزائیر و وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەڵگیرسایەوە و بە فیداکاریی ئەو پێشمەرگە دلێر و گیان لەسەر دەست و ئازایانە نەهێڵدرا کاروانی خەبات بوەستێ و بەم هەستانەوەش پیلان و مەرامەکانی دوژمنان لە گۆڕ نرا و بۆیان روون بووەوە کە شۆڕشی کورد ئەنجامی بوونی کێشەی رەوا و مەغدوریەتی میللەتێکە کە تا ئەو کێشەیە بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، هیچ گەلەکۆمە و پیلانگێڕییەک ناتوانێ دەنگی رەوای کپ بکاتەوە و ئیرادەکەی تێکبشکێنێتەوە.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ئەو شۆڕشە پیرۆزە دەکەینەوە، هاتنەدیی ئامانجەکانی بە چاوی خۆمان دەبینینەوە، ئەوەتا دوای چەندین ساڵ ڕاپەڕین و ئازادی، لە کوردستانێکی ئاوەدان و گەشاوەدا، بە هەنگاوی پتەو و بە باوەڕبەخۆبوونەوە رووە و دیموکراتیزەکردنی دامەزراوە نیشتمانی و سەروەرییەکانمان دەچین، کە ئەمەش نەک هەر شانازییەکی گەورەیە، بەڵکو هاتنەدیی ئومێد و خەونی تێکۆشەرانی دێرینی ئەیلوول و گوڵان و بەڵگە و مایەی دڵنەواییە کە خوێنی بەنرخی شەهیدان و ماندوویی ساڵەهای تێکۆشەران و ئاوارەیی و مەینەت و کارەساتدیدەیی میللەتێک بە فیڕۆ نەچووە.
شۆڕشی گوڵان خاوەن داستانێکی زۆرە کە لە مێژووی گەلەکەماندا رەهەندی سیاسی و نەتەوەیی و خەباتگێڕیی خۆیان هەیە کە هەقە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان شانازی پێوە بکەن و دەستکەوتەکانیشی بخەنە بەر چاوی خۆیان.
ئەمڕۆ کوردستان بووەتە مەڵبەندی برایەتی و پێکەوەژیانی لێبووردەیی ئایینی و نموونەیەکی زیندووی ژیانی دیموکراتیەت لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی و بە ئومێدێکی زۆرتریشەوە دەڕواننە ئایندە لە پێناو پتر گەشەکردنی ئەزموونی گەلەکەمان و پێشکەوتن لە بواری ژیان و گوزەران و ئاسوودەیی لە سایەی سەروەریی یاسا و بنیادنانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە بێگومان دابینکردنی ئایندەیەکی گەش پێویستی بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و لایەنە سیاسییەکانیەوە لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیاندا بن و بە یەک هەڵوێست بەرگری لە دەستکەوتەکانی ئێستا و هێنانەدیی ئەو ئایندەیە بکەن.
دروود بۆ گیانی شەهیدانی شۆڕشی پیرۆزی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و سڵاوی تایبەتیش بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان.




