سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر دەکات

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ماھر ئەلکەرکی کونسوڵی گشتیی نوێی فەڵەستین لە ھەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی فەڵەستین وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڵەستین سڵاوی سەرۆک مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین و سەرکردایەتی و گەلی فەڵەستینی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختیشی لە بایەخی بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان ھەردوولا کردەوە.
ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڵەستین لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕەوای گەلی فەڵەستین ھەر لە سەردەمی سەرۆک یاسر عەرەفات ھەتا سەرۆک مەحمود عەباس و جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆزی گەلان ئەگەر لە ھەندێ وێستگەشدا تووشی نوشست یان وەستان ببن بەڵام ھەرگیز کۆتایی نایەن، ھیواشی خواست کە کۆتایی بە ئەو کارەسات و نەھامەتیانە بێت کەبەسەر گەلی فەڵەستیندا ھاتووە و دۆزی ڕەوای گەلی فەڵەستین بە ئاشتی و چارەسەرێکی ڕەوا و ھەمیشەیی بگات.





