٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پەیامێک سەبارەت بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بڵاو دەکاتەوە و تێیدا دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە لە دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە یەک دەنگ و یەکڕیز بوون.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:-

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

دەستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و ھەموو ئەو ئەندام و کوتلە سیاسیانەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە ڕۆڵی ئەرێنیان بینی لە پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە.

ھەروەھا دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی ھەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و ھاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی ھەموو ئەو بەڕێزانە ھەیە کە ھەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە داوە.

ھەروەھا پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی خۆشەویستی ھەڵەبجە و ھەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەم.

ھیوادارم بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە ھەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە.

ھەر لەو بۆنەیەدا ھەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی کوردستان دەنێرین و ھیوای خێر و خۆشی بۆ خەڵکی ھەڵەبجە و ھەموو کوردستانیان دەخوازین.

 

مسعود بارزانی

١٤ی نیسانی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار