٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: هەرچی لەسەر ئافرەتی کورد و توانایان بگوترێت هەر کەمە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣-٤-٢٠٢٥، بە بەشداریی سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی، یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان، لە شاری ھەولێر دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 

لە کۆنفڕانسەکەدا سەرۆک بارزانی گوتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، ڕۆڵی ئافرەتی کورد قەت لە ڕۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، ئەگەر ھەندێک جار زیاتریش نەبووبێت. لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان و لە شەڕی داعش ڕۆڵێکی زۆر بەرچاویان ھەبووە" و ستایشی ڕۆڵی ئافرەتانی کوردی لە شەڕی داعش کرد و بە مایەی شانازی زانین.

یەکەم کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە ھەولێر لەژێر دروشمی "بە تواناکانمان داھاتوو بنیات دەنێین" بەڕێوەدەچێت، سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو دروشمەی کۆنفڕانسەکە ھەڵیگرتووە گوتی، "منیش پێتان دەڵێم، بە تواناکانتان داھاتوو بنیات بنێن و ئێمەش پشتیوانتانین".

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ئەمڕۆی ئافرەتانی کوردستان و پەروەردەکردنی نەوەی نوێ و داوای لێکردن منداڵەکانیان بە ھەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی خاک پەروەردە بکەن و دووپاتی کردەوە، "مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو، سەرگەردانە، بێ قیمەتە و کەسیش قەدری نازانێت. خاکیش ئەگەر میللەتێکی لەسەر نەبێت ھیچ مانایەکی نابێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاک پێکەوە بەستراونەتەوە".

سەرۆک بارزانی گوتیشی، ناحەزانی گەلی کوردستان زۆر ھەوڵیاندا گەنجەکانمان بە لاڕێدا ببەن، مرۆڤ ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، قیمەتی نامێنێت و سەرگەردان دەبێت، ئەو شەڕەی کە لەو ڕێگەیەوە لەگەڵ ئێمەیان کرد، بە لای منەوە زۆر مەترسیدارتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانک و فڕۆکە" و داوای لە خانمانی بەشداربوو لە کۆنفڕانسەکە کرد لەم بوارەدا "ھیمەتێکی زۆر گەورە بکەن" و پێی ڕاگەیاندن: "بچنە ناو کۆمەڵگا و دایکان تێبگەیەنن کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە ڕووبەڕوومان بووەتەوە".

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار