ڕۆژی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر بووە لە دایکبوونێکی نوێ

دژوار فایەق
وەسفی بارزانیی نەمر بە چەند وتار و دیراسەت و پەرتووکێک تەواو نابێت، ئەو لە بنەماڵەیەکی ئایینی، نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری بەڕێز هاتە دنیاوە، پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی ئایینییان هەبوو، لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانیی نەمرەوە دەستیان دایە خەباتی جەماوەری لەشکری دژی داگیرکەرانی کوردستان و ڕۆڵی بەرچاویان لەو بوارەدا بینی.
بارزانیی نەمر وەکوو گەنجێکی پارتیزانی، لە دوای شەهیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە ژێر سەرپەرشتیی شێخ ئەحمەد بارزانی خۆدانی نەمر دەرکەوت، بەشداریی کاریگەرانە و سەرکردانەی لە شۆڕشەکانی بارزاندا کرد، پاشان چووە کۆماری مەهاباد و ڕۆڵی سەرکردایەتیی تێدا بینی، ئیتر لەوێوە ناوبانگی دەرکرد وەکوو سەرکردەیەکی لەشکری سیاسی، لەدوایش کە گەیشتە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، لە بواری دیپلۆماسیشدا ئەزموونی وەرگرت.
گرنگیی بارزانیی نەمر لەوەوە دەردەکەوێ، کە ئەو پاڵەوان و خوڵقێنەری یەک ڕووداو نەبوو، بەڵکوو ڕۆڵی کاریگەرانە و سەرکردانەی هەبوو لە شۆڕشەکانی بارزان، کۆماری كوردستان، پەڕینەوە لە ئاوی ئاراس، ڕێکخستنەوەی هەڤاڵانی لە یەکێتیی سۆڤیەت، گفتوگۆکانی نێوان کوردستان و حکوومەتی مەلەکی و عەبدوڵکەریم قاسم و ڕژیمەکانی تری دەسەڵاتدار لە بەغدا، شۆڕشی ئەیلوولی مەزن دەستکەوتی ١١ـی ئازار، درێژەپێدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان، ناساندنی کێشەی ڕەوای کورد بە جیهان لە ڕێی دیپلۆماسی بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە، بۆیە بارزانیی نەمر بووە ڕەمز و سیمبوولی ئازادیخوازان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە، کە لە دەرگایەکی مەزنەوە چووە ناو مێژوو و لە جیهاندا ناسرا، دەیان ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەدار لە وڵاتان دەهاتن بۆ چاوپێکەوتنی، کە کۆچی دواییشی کرد لە ١ـی٣ـی ١٩٧٩ ناوەکەی بووە سەردێڕی ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی جیهان.
مێژوو شاهیدی بارزانیی نەمرە، کە ڕۆژی كۆچی دوایهكەشی بووە لەدایکبوونێکی نوێ، لە کۆتاییدا دەڵێم، بارزانیی نەمر، پێشمەرگە و سەرکردەی سیاسی و دیپلۆماتکار و دیموکراتیخواز و مرۆڤدۆست، بووە مایەی وانە و دەرس و ئیلهام بۆ هەمووان، خەباتی بێوچانی ئەو بوو کوردستانی گەیاندە ئەمڕۆ، کە هەموو جیهان بیناسن و ئاماژە بە خەبات و ڕۆڵ و کەسایەتی بکەن.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر، کە نیو سەدە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانی کرد، ئێستاش هاندەر و ئیلهامبەخشی ڕێبواری ئازادییە لە کوردستان.




