٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

فەلسەفەی ئاشتی لە چوارچێوەی دۆکترینی مستەفا بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

دکتۆر سامان سۆرانی 

بنەمای فەلسەفەی ئاشتی لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێ، کەوا جیهان دەکرێ زیاتر سەقامگیر و گەشەسەندووتر بێت، کاتێ لێکتێگەیشتن و دادپەروەری باڵادەست بن و دەرفەت بۆ هەموو لایەك بڕەخسێ، بەرژەوەندییەکانیان بێ پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستەبەر بکەن.

ئێمەی کورد بە شانازییەوە دەتوانین باس لە مستەفا بارزانی بکەین، وەکوو بەشێ لە نەریتی سەرکردە ناودارەکانی جیهان ، کە خەباتیان لە پێناو ماف و سەروەری گەلانیان تێکەڵ بە باوەڕی قووڵیان بە فەلسەفەی ئاشتی و پێکەوەژیان کرد.  

ئەو سەرکردانەی هاوشێوەی مستەفا بارزانی، وەکو مەهاتما گاندی و نیلسۆن ماندێلا ، ئامانجیان بەردەوام گەڕان بوو بە دوای ڕێگە چارەی ئاشتیانە و دادپەروەری بۆ گەلەکانیان، ئامادەبوون لەکاتی پێویست خەباتی چەکداری وەکوو ئامرازێ بەکاربهێنن بۆ پاراستنی مافی نەتەوەکانیان.   

ڕاستە مستەفا بارزانی سەرکردەیەکی سەربازی و سیاسی خاوەن دیدێکی ستراتیژی قووڵ بوو ، کە خەباتی چەکداری لەگەڵ فەلسەفەی ئاشتی و پێکەوەژیان بە شێوازێکی تایبەت تێکەڵ دەکرد،  بەڵام ئەو زۆر دەمێك بوو لەوە تێگەیشتبوو ، کە خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان تەنها ململانێیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەیەکی دوورودرێژ ، بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.

کەواتە مستەفا بارزانی باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو، کەوا قیبلەنومای خەباتی گەلی کوردستان پێویستە ڕوو لە دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بکات. ئەم دۆکترینە بەشێکی دانەبڕاو بوو لە فەلەسەفەی ئەو کەسایەتییە مێژووییە، وەکوو ئامانجێکی ستراتیژ، نە چارەسەرێکی کاتی.

چەندین شەڕی لەگەڵ دەسەڵاتە یەك لە دوای یەکەکان لە عێراق دەکرد، بەڵام دواجار مەبەستی گەیشتن بوو بە مافەکانی گەلی کوردستان لە ڕێگەی دانوستان و دانپێنان بە مافە سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کوردستان و دەستبەرکردنی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵ و دیموکرات.

مستەفا بارزانی باوەڕی بەوە هەبوو، کەوا سەقامگیری و ئاشتی بەردەوام تەنها لە ڕێگەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی نێوان گەلانی عێراق و ڕێزی دوولایەنە دێتە دی و هێز تەنها ئامرازێکە بۆ بەرگری، کاتێ بژاردەکانی تر بۆ ئاشتی دوورە دەست بن.

مستەفا بارزانی لەچەندین قۆناغی مێژوویی خەباتی، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا و پاش زنجیرە ململانێیەك لەگەڵ ڕژێمەکانی بەغدا پەنای بۆ دیالۆگ و دانوستان وەکوو چارەسەری سەرەتایی بردووە و هانی هێزە سیااسییەکانی تری عێراقی داوە، پەنا بۆ لێکتێگەیشتن بەرن.

ڕێکەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بەرهەمی ئەو فەلسەفەیەیە، کە لە ڕێگەیەوە گەلی کوردستان مافێکی سیاسی و کەلتووری فراوانی دەستەبەرکرد، ئەو ڕێکەوتننامەیە نیشانیدا، کەوا مستەفا بارزانی پابەندە بە ئاشتی و دەرخەری ئەو ڕاستیەشە، کەوا خەباتی چەکداری تەنها ئامرازێك بووە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە.

هەوڵ و تێکۆشانی مستەفا بارزانی بۆ ئەوەی دان بە مافەکانی گەلی کورد بنرێ و بەرژەوەندی لەگەڵ پێکهاتەکانی تری وەکو عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشوری و ئەرمەنەکان بپارێزرێ بوون بە بنەمایەك بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان ببێت بە لانەیەك بۆ ئازادی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاجیاکان، دوور لە گرژی و ناکۆکی و جیاکاری و چەوساندنەوە.

 ئەمڕۆ دۆکترینی مستەفا بارزانی لەلایەن سەرۆك مەسعود بارزانی یەوە بە پارێزراوی پەیڕەو دەکرێ، هەر بۆیە ئاشتی و دادپەروەری لە هەرێمی كوردستان پەرەی سەندووە و هەوڵەکانی سەرۆك بارزانی گەیشتنە بە سەربەخۆیی کرداری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی میکانیزمی ئاشتیانەوە، بێ ئەوەی مافی پێکهاتەکانی تر پێشێل بکرێت.

فشارە بەردەوامەکانی بۆ سەر بەغدا بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی فیدڕاڵییەت و پابەندبوون بە دەستور لە پێناو فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانە، کە چەندین دەیەیە لە پێناوی خەباتی بێ ووچان کردووە و قوربانی بێ شوماری داوە.

ئەم پابەندبوونەی سەرۆك بارزانی بە فەلسەفەی دیالۆگی ئاشتیانە و کارکردن لە پێناو درووستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ هێزە جیهانییەکان و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ دەتوانێ هاوکاربێت بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاشتی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وعێراق بەگشتی بەردەوامی هەبێت.  

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ئەو دۆکترینە ئاشتیئامێزەی، کە تێکۆشانی مستەفا بارزانی لەسەر دامەزراوە، لەناو هزری سەرۆك بارزانیدا چەسپێنراوە.

سەرۆك بارزانی، سەرەڕای ئەو ئالنگاریانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، باوەڕی وایە، کە تێکۆشان بۆ مافەکانی گەلی کوردستان دەبێت بە ئاشتی و بە دیالۆگ بەڕێوە بچن، بەڵام لەهەمان کاتدا دوودڵ نییە لە بەکارهێنانی هێز ، ئەگەر پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لەو مافانە.

 

دکتۆرا لە فەلسەفە زانکۆی هایدلبێرگ، ئەڵمانیا 

هەواڵی پەیوەندیدار