سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت پابەندی هەر سێ بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە پێکھاتبوون لە ئەندامانی لیژنەی چاودێریی ئامادەکردنی ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز جەواد پۆلانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە دیدارەکەدا شاندەکە داوای بۆچوون و پێشنیار و ھەڵسەنگاندنی سەرۆک بارزانیان کرد لەسەر کاروباری لیژنەکەیان و ستراتیژییەتی ئاساییشی نیشتیمانی.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە ئەرک و کاری لیژنەی چاودێریی ئامادەکردنی ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی بەرچاوڕوونی پێویستی خستەڕوو و جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت لە چوارچێوەی کارکردن بە دەستوور پابەندی ھەر سێ بنەمای شەراکەت و تەوازون و تەوافوق بن.




