سەرۆك بارزانی و فەلسەفەی دیالۆگی سیاسی

دکتۆر سامان سۆرانی
دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ، ئەڵمانیا
لە ڕواڵەتدا فەلسەفەی دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە لەسەر کۆمەڵە بنەما و چەمکێ دادەمەزرێ، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانە سیاسییەکان، دوور لە توندوتیژی و گرژی، بۆیە دیالۆگی سیاسی بونیادنەر بە ئامرازێکی سەرەکی دەبینرێ بۆ لەیەکترنزیککردنەوەی دیدگا و بۆچوونەکان و بەدەستهێنانی سازان لە نێوان لایەنە جیاجیاکان.
ئەمڕۆ گەلی کوردستان لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستی بە پەیڕەوکردنی ئەو فەلسەفەیە هەیە، هەر بۆیە سەرۆك بارزانی لە دوا دیداری لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی "شمس" جەختی لەسەر کردەوە و بە گرینگی زانی.
بنەمای دیالۆگی بونیادنەرانە ڕێزگرتنی دوولایەنەی نێوان لایەنە جیاوازەکانە، چ ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، یان لە نێوان پارتە سیاسییەکان لەناوخۆی هەرێم. ڕێزگرتن بە واتای گوێگرتن دێ لە دید و بۆچوونی جیاواز و داننان بە مافی بەرامبەر لە دەربڕینی خواست و هەڵوێستی خۆی.
سەرۆك بارزانی پێی وایە دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە بە پێویستی دەبینێت پابەندبوونی تەواو هەبێت بە ڕێكکەوتنەکان و بە گەڕانی بەردەوام بەدوای سازشێ، کە سوود بە هەموو لایەنەکان بگەیەنێت، چونکە ئەو فەلسەفەیە بە ئامرازێکی گرینگ دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری ناوخۆیی لە هەر وڵاتێک و لە هەر ناوچەیەك.
بە کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان، دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی چەکداری یان قەیرانی سیاسی گەورە کە دواجار هەڕەشە لە سەقامگیری دەکات. دیالۆگی سیاسی بنیاتنەرانە تەنیا چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا لەخۆ ناگرێت، بەڵکو بیرکردنەوە لە داهاتوو و بنیاتنانی میکانیزمیش دەگرێتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی، کە قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە.
لە تەنیشت ئەوەشەوە سەرۆك بارزانی پێیوایە یەکگرتوویی کورد، چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بێت یان لەسەر ئاستی سەرجەم نەخشەی کوردستان، کلیلی بەهێزبوونی کوردە، هەر کاتێ کورد یەکگرتوو بێت، باشتر دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی عێراق و ناوچەکە هەبێت و لە ڕێگەی یەکگرتنەوە گەلی کوردستان توانای زیاتری دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی ئەم سەردەمە و وەڵامی ئەرینی دەبێت بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی لە ناوچەکە و جیهان.
سەرۆك بارزانی لە دیدارەکەیدا ئاماژەی بە یەکڕیزی و خۆڕاگری کرد لەسەر بنەماکانی کوردایەتی و هەماهەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان لەچوارچێوەیەکی ئاشتیانە و ئارامدا.
لەگەڵ ئەوەی قوربانیدان لەپێناو دۆزی کورد بەشێکە لە میراتی ئەم گەلە خەباتکارە، سەرۆك بارزانی گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی ئامرازی مەدەنی و ئاشتیخوازانە لە خەباتی سیاسی بە زمانی ئەم سەردەمە دەزانێ و پێی وایە لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی ڕێکاری چەکداری لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان نابێت و گەلی کورد ناگەیەنێت بە کەناری ئارام و دەستەبەرکردنی مافە سروشتییەکانی.
لەگەڵ ئەوەی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین؛ یەکێک لە بنەما نوێیەکانی یاسای نێودەوڵەتییە، ئەم مافە لە جاڕنامەیەک و وەکوو ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دێتە ئەژمار، بەڵام سەرۆك بارزانی بە گرینگی دەزانێ، گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوا دیراسەی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان بکەن سەبارەت بەو مافە و بەدوای چارەسەرێ بگەڕێن، کە لەگەڵی واقیعیان گونجاوبێت. هەر بۆیە هەرێمی کوردستان هانی کوردی ڕۆژئاوا دەدات، هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ دانوستان و گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و چارەسەری سیاسی، کە تیایدا مافەکانیان لە چوارچێوەی دەستوورێکی نوێ لە سووریا پارێزراوبێت.
ڕاستە ئەمڕۆ لە بەغدا هەندێ لایەن هەن، کە باوەڕیان بە دیالۆگ و ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان نییە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو فەلسەفەیەی، کە سەرۆك بارزانی دایڕشتووە بۆ پاراستنی مافی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و پاڵپشتیکردن لە چارەسەری ئاشتیانە، کە زامنی مافە دەستوورییەکانی گەلی كورد دەکات لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ.
ئێمە پێمان وایە جەختکردنەوەی سەرۆك بارزانی لەسەر پەیڕەوکردنی فەلسەفەی دیالۆگی سیاسی بونیادنەرانە دەتوانێت ببێت بە ئامرازێکی فشار بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوەکو چارەسەرێکی دادپەروەرانە و پاڵپشتیکار بۆ مافی گەلی کوردستان لە عێراق بدۆزرێتەوە.
دواجار یەکگرتوویی گەلی کوردستان فاکتەری سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی دەرفەتی پێشکەوتن و پەرەپێدان و بەدیهێنانی هاوسەنگی و گەشەی بەردەوام.




