لە مێژوو فێربن پارتی ناشکێت

ڕەشید مەلا عەلی کۆلەکی
مێژوو بیرەوەری نامە و ئەو نووسراوەیە کەپێمان دەڵێت کەچی بەسەر مرۆڤەکاندا هاتووە، نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان پێویستیان بە تێگەیشتنێکی ڕاست و دروستی مێژوو هەیە بۆئەوەی لەم ڕیگهیەوە مرۆڤەکان بناسن، جونکە مێژووی هەموو کۆمەڵگهکان ئەنجام و بەرهەمی قوربانی و تێکۆشان و خۆڕاگری مرۆڤەگەورە و مێژووسازەکانە.
کورد خاوەن مرۆڤی گەورەی سیاسی و تێکۆشەر و کاریزمای گەورەیە کە بە هەوڵ و کۆڵنەدان و خۆنەچەماندنیان مێژووی گەلەکەیان تۆمار کردووە.
بارزان یەکێکە لەو ناوەندانەی گەورەترین و بەهێزترین سەرکردەی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدا هەڵکەوتووە و مێژووی سەدساڵی ڕابردووی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسڵمێنێت. ئەو سەرکردانە ڕۆڵێکی یەکجار گەورە و گرنگ و چارەنووس سازیان بینیوە لە بزاڤی نیشتمانی و جۆڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کورددا. هەر لەگەڵ هەڵکەوتنیان پێشڕەوایەتی بزاڤی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردیان گرتە دەست و سەرکردایەتی و سەرۆکایەتی خەباتی ئازادیخوازی کوردیان لەئەستۆ گرت، وەنەبێ ئەم پێشڕەوایەتی و سەرکردایەتی و سەرۆکایەتییەش بە زۆری زۆرداری و خۆسەپاندن بووبێت، بەڵکو لەگەڵ دەرکەوتنیان بوونە جێی متمانە و باوەڕی خەڵکی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە و گەلی کوردستان متمانەیان پێ بەخشین و کردیانن بە ڕێنیشاندەر و نوێنەری خۆیان لە خەتاتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازی دا. بە مەش بارزان و بارزانییەکان و ڕابەر و شێخەکانی بارزانی ڕووبەڕووی دوو شتی زۆر گران و قورس و مەترسیدار بوونەوە:
یەکێکیان ئەرکی نوێنەرایەتی کردن و پێشڕەوایەتی کردنی خەباتی گەلێکی بن دەستی دابەشکراو و پارچەپارچە کراو، دووەمیان ڕووبەڕووی تەحەدیات و پیلان و دووژمنکارییەکی بێ وێنەی داگیرکاران و دووژمنانی گەلی کورد بوونەوە و لەم ڕێگهیەدا هەم دووچاری نەهامەتی و کوێڕەوەری و دەردەسەرییەکی بێ وێنە بوونەوە و تەنانەت سەروماڵی خۆشیان لەسەر دانا، ئاوارەیی، بەندیخانە، هێرشی هەمەلایەنە و چەند لایەنە و بەستنی ڕێكکەوتننامە دوو قوڵی و چەندقوڵی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و....هتد بوو بە پشکی بارزانییەکان لەسەر گۆی زەوی.
ئەوەی دووژمنەناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێیان کرا هەوڵی لە ناو بردن و سڕینەوەی بارزانییەکانیان دا بەواتایەکی تر هەوڵی ڕووخاندنی بارزانییەکانیان دا، بەڵام ئایا بارزانییەکان ڕووخان؟
بۆیە دەڵێین بارزانییەکان، چونکە بەر لەدامەزراندنی پارتی، بارزانییەکان متمانەی گەلی کوردیان پێ بەخشرابوو بە مەبەستی نوێنەرایەتی و سەرکردایەتی خەباتی نەتەوایەتی گەلی کوردستان و دوای دامەزراندنی، پارتی بوو بە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردستان و لەڕاستیدا پارتی درێژەپێدەری ڕێبازی بارزان بوو کە بارزانی نەمر نوێنەرایەتی دەکرد.
لەمەودوا دژایەتی کردنی پارتی و هەوڵی لەناوبردن و (بەقسەی جماعەت ڕووخاندنی)بوو بە ئامانج و کرۆکی بەرنامە و پیلانی داگیرکاران بە هاوکاری و چاوساغی و یارمەتی بەکرێگیراوان و خۆفرۆش و خاک فرۆشە ناوخۆییەکان.
بەڵام پارتی نەک نهڕووخا، بەڵکو بەپێچەوانەوە دوای هەر پیلان گێڕییەک پارتی بەهێزتر دەردەکەوت و نوێنەرایەتی بەشێکی زیاتری چین و توێژەکانی کوردستانی دەکرد و متمانەی جەماوەری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بە پارتی زیاتر دەبوو، ئەم متمانەیە گەیشتە ڕادەیەک کە لە هەرچوارپارچەی کوردستان خۆیان لە ناوڕێزەکانی پارتی و سەنگەرەکانی دا دیتەوە، باخوێندنەوەیەکی سەرپێیی ڕووداوەکانی سەد ساڵی ڕابردووی کوردستان بکەین، بۆئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان و نەوەکانی ئێستا و داهاتووی گەلەکەمان لەو حەقیقەت و ڕاستییە مێژووییە بگەن کە پارتی نەڕوخاوە و مانەوەی پارتی بەم هێزە و ئەزموونی لە ناوچوونی دووژمنانی گەلی کوردستان و پارتیش ئەو ڕاستییە دەسەڵمێنێت کە پارتی ناڕوخێت، چونکە پارتی هەڵقوڵاوی ویست و داخوازی و ئامانجەنەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستانە.
بەهۆی ئەو بیروباوەڕە مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانییەی هەبوو شێخ محەممەد بارزانی تووشی ئەزیەت و ئازارێکی زۆر بووەوە لەلایەن عوسمانییەکانەوە و یەکەم ڕووبەڕووبونەوە و پەلاماردانی عوسمانییەکان بۆ سەر بارزان و شێخ محەممەد بارزانی ساڵی ١٨٨٤ دەستی پێکرد و ساڵی ١٨٩٣ بۆماوەی ساڵێک لە بدلیس بەندکرا و ساڵی١٨٩٥بۆماوەی ساڵێک لە ژیانی بە زۆری (اقامة جبریة) لە مووسڵ مایەوە و ئەم هێرشانە تاکۆچی دوایی لەساڵی١٩٠٣بەردەوام بوو.
دوای کۆچی دوایی شێخ محەممەد بارزانی، شێخ عەبدوسەلام بارزانی کوڕی جێی گرتەوە و بەردەوام بوو لەسەرهەمان ڕێباز و هێرشی عوسمانییەکانیش بۆسەر بارزان و شێخ عەبدوسەلام بارزانی (بۆ ڕووخاندنیان)بەردەوام بوو، دوای ئەوەی ساڵی١٩٠٩ فەریق محەمەد پاشای داغستانی هەڕەشەی لە شێخ عەبدوسەلام بارزانی کرد و شێخ بەههندی وەرنەگرت و تەسلیم نەبوو، عوسمانییەکان بە پیلانێکی تۆکمە و بە پاڵپشتی شازدە هۆز و عەشیرەتی کوردی هێرشیان کردە سەر بارزان. ڕاستە شێخ عەبدوسەلام بارزانی گیانی لە پێناو کوردستان بەخشی، بەڵام بارزانییەکان نەڕووخان.
دوای شەهیدکردنی براکەی، شێخ ئەحمەد بارزانی (خودانی بارزان) ڕێبەرایەتی بارزانییەکانی گرتە ئەستۆ، لەبەرامبەردا هێرش و هەوڵی دووژمنانیش لەپێناو ڕووخاندنی بارزانییەکان بەردەوام بوو.
بەرەبەیانی رۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی١٩٣١بارزان کەوتە بەریەکێ لەسەخترین و دژوارترین هێرشەکانی سوپای عێراق بە پاڵپشتی فڕۆکە بەریتانییەکان بەناوی شەڕی برقی بەگ و مەبەست کۆتایی هێنان بووبە بارزانییەکان (ڕووخاندنیان).
هێرشە بەربڵاو و هەمەلایەنەی سوپا پڕچەک و زەبەڵاحەکەی ئێران دژی بارزانیەکان و تەنانەت فەرمانەتایبەتییەکەی شای ئێران بۆ تەفروتۆناکردن و لەناوبردنی یەکجارەکی بارزانییەکان (بۆئەوەی لەمەزیاتر ئابڕوی سوپای ئێران نەچێت" بەقسەی خۆیان")هەوڵێکی تری دووژمنانی کورد بوو بۆڕووخاندنی بارزانییەکان.
یەکگرتن و هاوکاری و هێرشی هاوبەش و هاوکاتی هەرسێ وڵاتی ئێران و تورکیا وعێراق دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، بۆ سەربارزانییەکان خەونێکی تری ڕووخانی بارزانییەکانی لەگۆرنا.
*دامەزراندنی پارتی و بەردەوامی هەوڵەکان لەپێناو ڕووخاندنی
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانی نەمر وەرچەرخانێکی گرنگ و گەورەی سیاسی و مێژوویی بوو لە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا و بەو پێیەی پارتی وەک پێویستییەکی مێژوویی بوو خەباتی گەلی کوردی بردە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر چونکە پارتی هەڵقۆڵاوی ناوجەرگەی کورد و کۆمەڵگای کوردستان بوو.
هەردوای دامەزراندنی، پارتی بوو بە ئامانجی یەکەمی دووژمنان بۆ ڕووخاندنی، چونکە داگیرکاران و دووژمنانی کوردستان بە باشی هەستیان بە ڕۆڵ و پێگە و كاریگەری پارتی کرد لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و بەرەوپێشەوەبردنی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد.
هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتی بارزانی نەمر گورزێکی جەڕگبڕ بوو لە پەیکەری داگیرکاران و دووژمنانی گەلی کورد.
ساڵی١٩٦٣ دوو لیوای سوپای عێراق بە هاوکاری و یارمەتی زیاتر لە حەوت هەزار جاش هێرشیان کردە سەر بارزان بە مەبەستی ڕووخاندنیان.
دوای سەرکەوتنەیەک لە دوایەکەکانی شۆڕشی ئەیلوول، بیر لە گەلەکۆمەکێ کرایەوە دژی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردایەتی و سەرۆکەکەی، ژمارەیەکی زۆر لە باب و باپیرانی سەرکردایەتی چەند حزبێکی ئەمڕۆی کوردستان لە پاڵ سوپای بەعس هەوڵی ڕووخانی شۆڕشی ئەیلوولیان دا، دوابەدوای ئەمە و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لیوایەکی سوپای وڵاتیکی دراوسێش هاتەناو بابەتەکە و شان بە شانی سوپای عێراق دژی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردایەتییەکەی جەنگا بە مەبەستی ڕووخاندنی.
ساڵی ١٩٧٥بەڕێكکەوتنی چەندین وڵاتی هەرێمی و نێودەوڵەتی گەلەکۆمەکێیەکی گەورەی نێودەوڵەتی دژی پارتی ئەنجامدرا بە مەبەستی ڕووخاندنی، ڕێكکەوتن و پیلانەکە بە شێوەیەک گەورە و مەترسیداربوو کە دووژمنان ڕووخانی پارتییان بەشتێکی حەتمی وبێ ئەملا و ئەولایان دهزانی و تەنانەت سەرۆکی ئەوکاتی عێراق بەشێوەیەک دڵنیا و لەخۆبایی بوو سەبارەت بەڕووخانی پارتی کە لەوەڵامی پرسیارێکی تایبەت بەشۆڕش و پارتی و بارزانییەکان گوتی: (وانتهت الى الابد).
هەشتایەکانی سەدەی ڕابڕدووش بەفیت و دەستی هەرێمی هەوڵێکی زۆر درا لەپێناو ڕووخانی پارتی.
دوای ڕاپەرینی گەلەکەمان و ڕاماڵینی دام و دەزگا سەرکۆتکەرەکانی بەعس لە کوردستان و پێشنیازی جەنابی سەرۆک بۆ هەڵبژاردن و دامەزراندنی دام و دەزگا یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەڵگیرساندنی شەڕی خۆ کوژی هەوڵی ڕووخانی پارتی درا.
دواتر لەکاتێک دا کە پارتی سەرقاڵی سازدانی ئاهەنگی یادی دامەزراندنی بوو چەند پارتێکی بەناو کوردی بە هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر و وڵاتێکی هەرێمی هێرشێکی هەمەلایەنەیان بۆ سەربنکە و بارەگاکانی پارتی دەستی پێ کرد بە مەبەستی ڕووخاندنی پارتی.
ساڵی ٢٠١٦ گەورەترین دوو ڕووداو ڕوویدا کە لەمێژووی کوردستاندا بێوێنە بووە و ئاستەمە ڕووداوی لەم شێوەیە ڕووبدەنەوە کە بریتی بوون لە:
یەکەم: لە ئەنجامی ڕێككەوتن و خیانەتی ژێر بە ژێری بەشێکی ناو لایەنێکی سیاسی (بەقسەی خۆیان کاڵفامەکان) لەگەڵ حەشدی شەعبی لەشازدەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ بەشێکی زۆری خاکی کوردستان فرۆشرا و ڕادەستی داگیرکاران کرایەوە.
دووەم: دوای ئەم خیانەت و ڕادەستکردنەی بەشی زۆری خاکی کوردستان، ئامادەکارییە ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەستی پێکرد بە مەبەستی کۆتایی پێهێنان و ڕووخاندنی یەکجارەکی پارتی (بەقسەی خۆیان).
دوای ئامادەکارییەکان و بە بەشداری چەند لایەنێکی بەناو کوردی و عێراقی و هەرێمی رۆژانی بیست(٢٠)ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧و بیست و شەش(٢٦)ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر پارتی دەستی پێکرد، پیلانەکە بە شێوەیەک داڕێژڕابوو و مەترسیدار بوو کە پێویست بوو شتێک بەناوی پارتی و تەنانەت بارزانییەکان نەمێنێت. لەشەڕەکەدا گەورەترین و بەهێزترین تانکی ناو مێژووی سەربازی بەناوی (ئابرامز) بەشدار بوو و بۆ یەکەم جاربوو تانکێکی ئابرامز بسۆتێندرێت و تێک بشکێندرێت.
پیلانەکە بە جۆرێک گەورە و وورد داڕێژرابوو کە ئەمجارەیان نەک سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵکو باڵیۆزی گەورەترین وڵاتی جیهان بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند: (ئەمڕۆ دوێنی نیە) واتە مەبەستی ئەوەبوو کە ئیتر پارتی ڕووخا و باشترە تەسلیم بن.
بەڵام لە هەردوو بەرەی پردێ و سحێلا تووشی گەورەترین شکستی سەربازی و سیاسی بوون و پارتیش هەرنەڕووخا.
ئەزموونی مێژوو ئەو ڕاستییەی سەڵماند کە پارتی بە زەبری هێزی سەربازی بەریتانیا، ئەمریکا، تورکیا، ئێران، سووریا، عێراق و ڕێكکەوتننامە سیاسی و سەربازییەکانی دیجلە، سەنتۆ، ناوخۆیی و هەرێمییەکان نەڕووخا نەک نە ڕووخا، بەڵکو ئەمڕۆ زۆر بەهێزترە لە بیست و سی و چل و پەنجا ساڵی ڕابردوو کە هۆکارەکانی مانەوەی پارتی و بارزانییەکان لێرەدا جێیان نابێتەوە، بەڵام بابەت و پرسیارێکی گرنگ ئەمەیە:
پارتی و بارزانییەکان بەم هەموو گەلەکۆمەکێ و هێزە سەربازی و ڕێكکەوتنە سیاسی و ئابووری و ئاسایشییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان نەڕووخا، ئایا بەم درووشم و قسە و هاشوو هوشە نابەجێیانە دەڕووخێت؟
ئێمە هیچ ناڵێین با هەر ئەوان سەیرێکی مێژووی باب و باپیرانیان و خۆیان بکەن ڕاستییەکەیان بۆ دەردەکەوێت.




