٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی دەکات، باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواستووه‌ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ عێراق و هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکانیان پشتیوانی تەواوی عێراق دەبن بۆ چارەسەربوونی گرفتە سیاسییەکان.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی تەممووزی ٢٠٢٤ لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد کە پێکهاتبوو لە بەڕێز تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج باڵیۆزی کوێت لە عێراق و بەڕێز سوڵتان موبارەک ئەلکوبەیسی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و بەڕێز ئەحمەد سەمیر حلمی باڵیۆزی میسر لە عێراق و بەڕێز خالد ئەحمەد ئەلمەنسور باڵیۆزی بەحرێن لە عێراق و بەڕێز شێخ مەحموود ئەلخروسی باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە عێراق و بەڕێز زێد ئەبو حسان هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەردەن لە عێراق و بەڕێز سەعید ئەلقەحتانی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سعودیە لە عێراق و بەڕێز محەمەد ساڵح ئەلتنیجی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە عێراق.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو و هێمای بەوەدا کە کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتۆتە ئاراوە و دەکرێ لەسەر بنەمای ئەو کەشە تازەیە بگەینە دەرئەنجامی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کۆسپ و تەنگژەکان کە ئەوە خۆی لەخۆیدا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕۆشنایی خستەسەر بابەتی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و ڕایگەیاند پێویستە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و تەوافوقێکی نیشتمانی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە بنەمایەکی بۆ دابنرێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواست سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ عێراق و هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکانیان پشتیوانی تەواوی عێراق دەبن بۆ پتەوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و چارەسەربوونی گرفتە سیاسییەکانی عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار