٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

ئانۆ جەوهەر: سه‌رۆك بارزانی هەمیشە وه‌ك چرایەکە ‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان و عێراق

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ئانۆ جەوهەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی مەسیحی (التحالف المسیحی) کە گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی کریستیانەکانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوكات وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، داوای كێشانەوەی میلیشیا ناشەرعییەکان لە دەشتی نەینەوا لە حكوومەتی عێراق دەكات، هاوكات سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكات كە لە هەموو قۆناغە مێژووییەكان پشتیوانیی لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان كردووە.

ئانۆ جەوهەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی مەسیحی، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: داوای لە حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی كردووە، بە بڕیارێك میلیشاكانیش لە دەشتی نەینەوا بكشێنێتەوە، كە بوونەتە هۆی ئەوەی مەسیحییەكان و پێكهاتەكان لەو ناوچانە لە دڵەڕاوكێدا بژین و سەقامگیری بەدی نەیەت، داواشی كردووە: لە شوێنیان هێزی دەستووریی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان جێگیر بكرێت.

گوتیشی: هەڵوێستەكانی سەرۆک بارزانی لە پێشوازیی پاتریارک و خەمخۆریی باوکانە بۆ مەسیحییەکان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی لە هەموو قۆناغە مێژووییەکان چرایەکی پێکەوەژیان و خۆشەویستی بووە.“

ئانۆ جەوهەر، بە چەند خاڵێكیش داوای لە حكوومەتی عێراق و دەسەلاتی دادوەری عێراق كردووە، ئەو هەڵانە ڕاست بكەنەوە کە دامەزراوەی سەرکۆماریی لە عێراق كردوونی، هەروەها ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە دەستوورییەی کە دادگای فیدڕاڵی بە هەڵوەشاندنەوەی پشکی کورسیی مەسیحییەكان و تورکمانەكان لە پەرلەمانی کوردستان كردی، بە دووبارە سەیرکردنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گەڕاندنەوەی کورسیی تەواو بۆ مەسیحی و تورکمانەكان كە زۆرینەی ڕەهای کلدان و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی (مەسیحی) لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا لە کەرتی حکوومەت کار دەکەن، گرنگە حكوومەتی عێراق بەردەوامبێت لە پێدانی مووچە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار