٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نهێنیی سەرکەوتنی پارتی

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆناک فازیڵ

ئه‌وه‌ دیار و ڕوونه‌ كه‌ چەندین حزب و بزووتنەوە کاریان کردووە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، هەندێکیان نەمان و هەندێکی تر تێکەڵ بوون لەگەڵ حزبەکانی تر و بە ناوێکی تازەوە هاتنەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت. لەلایەکی ترەوە، هەندێك لە حزبەکان قاعیدەیەکی جەماوەری فراوانیان هەبوو دواتر کەمیکرد و ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەما. بۆیە پرسیار ئەوەیە، ئەو فاکتەرانە چین کە بەردەوامی دەداتە حزبی سیاسی و جەماوەرەکەی فراوانتردەکات؟ بێگومان فاکتەرەکان زۆرن، بەڵام دەکرێت ئاماژە بە گرنگترینیان بدەین:

• ئیمانی ڕاستەقینەی سەرکردایەتی و هەروەها جەماوەری حزبەکە بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان و ئامادەبوون بۆ قوربانیدان تەنانەت بە خودی حیزبەکە لە پێناو ئەم دۆزە پیرۆزە.

• هەبوونی سەرکردەیەکی خاوەن مێژوویەکی سیاسی پاك و ئەزموونێكی سەرکەوتوو و خەباتی بێ ووچان لە پێناوی ئامانجەکانمان. هەروەها خاوەن دیدگەیەکی ڕوون بۆ پێشهاتە سیاسییەکان.

• خۆڕاگری و نەهێشتنی تەشەنەکردنی کێشە ناوخۆییەکان کە لە ئەنجامدا پشێوی و نا ئومێدی و دڵەڕاوکی بۆ هاووڵاتییان دروستببێت ئەگەر بە زەرەری حزبەکەش بشکێتەوە.

• ڕاستگۆیی و هەڵوێستی سیاسی نەگۆڕ و پاراستنی پەیمانەکان. ئەمە کاریزمایەك ئەدات بە سەرکردایەتی حزبەکە و متمانە لەلای دۆست و دوژمنان دروست دەکات و ڕێزی لێدەگیرێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی.

• خۆ بەدەسته‌وه‌ نەدان لە ژێر هەر فشارێکی سیاسی یان سەربازی یان ئابووری. بۆیە پێویستە پەیوەندی باش هەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر بنەمایی بەرژەوەنی هەموولایەك و پێداگری بکرێت لەسەر مافەکانی جەماوەری کوردستان.

• بەرنامەی سیاسی هەڵقوڵابێت لە خەون و ئاواتەکانی میللەتەکەمان و هەروەها لە ئێش و ئازاری جەماوەر نەك لە بەرنامەیەکی ئامادەکراو لە چێشتخانەیەکی سیاسی دەرەکی و بە حازری هاوردە کرابێت بۆ کوردستان.

• مرۆڤایەتی و هەستکردن بە ئیش و ئازاری لێقەوماوان و هەوڵدانی ڕاستەقینە بۆ ڕزگارکردنیان لە مەینەتەکانیان.

• کارکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نموونەیی لە ڕووی زانستی و تەندروستی و ئەخلاقی دوور لە گەندەڵی و پەنا بردن بۆ کاری نەشیاو و لە یاسا بەدەر.

• لە کاتی بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەك دەبێت ئامانجی سەرەکی تێدا خزمەتی جەماوەرەکەبێت نەك بەرژەوەندی حزب و بە مەبەستی ڕاگەیاندن و دواتر بەهەدەردانی دراو و سه‌رچاوەکان.

• خۆش گوزەرانی هەر تاکێك و داڕشتنی پلانێکی ئابووری کورت خایەن و درێژ خایەن.

• روونی بەرنامه‌ی سیاسی لەهەر قوناغێکی مێژووییدا. هەروەها ڕاوێژکردن بە سەرجەم ئۆرگانەکانی حزب و کارکردنی بۆ یەکخستنی ووتاری سیاسی سەرجەم حیزبەکان.

• چاندنی گیانی خۆ نەویستی و بەرز ڕاگرتنی بەها بەرزەکان لەنێو جەماوەردا.

• بە خاوه‌ن زانیین بۆ هەموو چین و توێژەکان و تەنانەت جەماوەری حزبە رکابەرەکان. واتە نواندنی ڕۆڵی برا گەوەرە.

• بەرزکردنی توانا سەربازییەکانی هێزی ناوخۆیی و کارکردنی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوو کە ببێتە جێگای متمانەی میللەت لە کاتی دروستبوونی هەر هەڕەشەیەك لەسەر خاکی کوردستان.

• کارکردن بۆ نزیککردنەوەی حزبە سیاسییەکان بە گفتوگۆ نەك بە خۆسەپاندن و بەکارهێنانیان بۆ مەرامێکی دیاریکراوی کاتی یاخود بۆ لێدانی لایەنە ناو خۆییەکانی تر.

• ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی سەرجەم جەماوەری کوردستان بە بێ جیاوازی ئاین و زمان و رەنگ. هەروەها بەشداری پێکردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و گوێگرتن لە نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر.

• کارکردن بۆ دروستکرنی تاکێکی بەرهەمهێن و دانانی پلانی ستراتیجی بۆ سەربەخۆیی ئابووری.

• ڕێزگرتن لە ژینگە و کارکردن بۆ پاراستنی سەرچاوەکان و پاك و خاوێنی هەوا و ئاو و خاکی کوردستان.

ئەو فاکتەرانەی سەرەوە بەشێکن لە پەیڕەو و پڕۆگڕامی پارتی دیموکراتی کوردستان هەر ئەم فاکتەرانەن کە وایانکردووە پارتی بەردەوام بێت بۆ زیاتر لە (٧٧) ساڵ و بتوانێت بناغەی جەماوەری خۆی فراوانتر بکات و متمانەی سەرجەم جەماوەری خەڵکی کوردستان بەدەست بێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار