٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد، ھاوکات بارودۆخی سیاسیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و دواپێشھاتەکانی ئەمڕۆ گفتووگۆی لەبارەوە کرا.

ڕۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕومەنسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد، ھەروەھا وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و دواپێشھاتەکان، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەکەی لە دوا پێشھاتە سیاسیەکان دەربڕی و داواشی کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەکانی تر پێکەوە کێشە و نیگەرانی و تێبینیەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم چارەسەر بکەن.

لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ھۆکارەکانی دەرچوونی بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە کە ھەر لە سەرەتای نەوەدەکانی سەددەی ڕابردوو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی 1991 داوای کردووە کە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستووری و ھەڵبژاردن بکرێ.
پارتی ھەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بووە ترسی لە ھەڵبژاردن نیە بەڵکو تێبینی لەسەر شێوازی ھەڵبژاردن و مەترسیی تێکدانی بنەماکانی پێکەوەژیان و نەھێشتنی بەشداریی پێکھاتەکان لە ژیانی سیاسیدا ھەیە.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە بە بیانووی جۆراوجۆر دووساڵ ھەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەکی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەھا و پێگەی ھەرێمیان کەم کردەوە، ھەروەھا بە شێوەیەکی نا دەستووری و نا یاسایی بڕیار و یاساکانی ھەرێمی کوردستانیان گۆڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێکھاتەکان و تێکڕای خەڵکی کوردستان کرد.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە کە پارتی بایکۆتی ھەڵبژاردنی نەکردووە بەڵکو لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی و بەرنامەی پێشوەختەیە کە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەکرێن و پڕۆسەی دیموکراسی بێ بەھا نەکرێت و یاساکانی ھەرێم پێشێل نەکرێن.

لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا داو ئەوەی خستەڕوو کە ڕێککەوتنێکی ڕوون و ھەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت ھەیە کە بەداخەوە ھیچ یەک لە خاڵە گرنگەکانی ئەو ڕێککەوتنامەیە جێبەجێ نەکراوە، ڕێککەوتنەکە لەپێناو ئەوە بوو کە سەقامگیری بێتە دی و خەڵک بگاتە خۆشگوزەرانی و بنەماکانی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام ھیچ یەک لەمانە نەکران.

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە لە ڕاوێژ و ھەماھەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەھێشتنی نیگەرانییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار