٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارتی خەمی كاكڵەكەیەتی و ئەوانی تر توێكڵەكە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆشنا عەلی

دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، كە لەم ماوەی ڕابردوودا بەچەند دانیشتنێك و بە پەلەپڕوزێ‌ بڕیاری لەسەر چەند كەیسێك داو هەموویان نادەستووری و تەنیا لە قاڵبدان و دەستتێوەردانێكی روون و راشكاوانەبوو لە كاروباری ناوخۆیی هەرێمی كوردستان. لەوانەش بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیاردان لەسەر سیستەمی بازنەیی و دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستان لەبڕیاردان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و نەهێشتنی كورسی كۆتاكان و شێوازی هەڵبژاردنەكان و ژمارەی كورسییەكان و چەندین پێشێلكاری دیكەش. هەر ئەم بڕیارانە بە ئاشكرا دیاربوو نییەتێكی باش لەو دادگا بەناو فیدرالییەی عێراق نابینرێـت و ڕق و دژایەتییەكی دەرەكیی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان هەیە و لە ڕێگەی ئەو دادگایەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردن، ئەوەشی لە هەمووان زیاتر دركی بەم مەترسییە كردووە پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە نیگەرانە لەم دەستتێوەردانە بێ‌ سەوادەی دادگای ناوبراو.

هەرێمی كوردستان لەماوەی سی و سێ ساڵی حوكمڕانی خۆیدا بە بەردەوامی هەڵبژاردنی كردووە و لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە سەرپەرشتی كراوە، كە لە نوێنەری سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن پێكهێنراوە، هاوكات سەدان ڕێكخراو و دەزگای میدیایی بیانی و ناوخۆیی چاودێرییان كردووە و هاوشانی ئەوانیش كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیشەوە بێ‌ ئەوەی ڕاپۆرتێكی زەقی پێشێلكاری لەلایەن هیچ یەك لەو ڕێكخراوە چاودێرانەوە هەبێت، دانی بە ئەنجامەكاندا ناو و كەس لاریی لە پرۆسەكان نەبووە و هیچ بەڵگەیەكی زەقی پێشێلكاری تۆمار نەكراوە.

هەربۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم سۆنگەیەوە نیگەرانە و لەبەیاننامەكەی خۆیدا كە مەكتەبی سیاسی پارتی لە 18-3-2024 بڵاوی كردۆتەوە، پێیوایە بەم پێشێلكارییە دەستوورییەوە بەشداری هەڵبژاردن نەكات باشترە، هەڵبەت ئەمەش بەم واتایە نایەت كە پارتی ڕێگریی لە هەڵبژاردن كردبێت و لە هیچ شوێنێكی بەیاننامەكەش وشەی بایكۆت نەهاتووە، بەڵام ئەوەی پارتی خەمیەتی دەستتێوەردانی زیاتری دادگای فیدراڵییە لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەگشتی، بێگومان ڕازیبوون بەم بڕیارانە سەر بۆ دەیان بڕیاری تر لە دژی هەرێمی كوردستان دەكێشێ‌ و بەمەش داشێكی سوار لەدژی هەرێم دروست دەبێت.

بەیاننامەكەی پارتی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە بەشێكی جێگای دڵخۆشییە و بە تێگەشتنەوە تاوتوێیانكردووە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەو بەشەیە كە تێینەگەشتن و لێكدانەوەكانیان لە گۆشە نیگایەكی زۆر بچووكەوە بووە، گوایە پارتی لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەترسێت، لە كاتێكدا لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوو پارتی هەمیشە حزبی یەكەمی براوەی هەڵبژاردنەكان بووە و بە جیاوازی زۆرەوە لەگەڵ تەواوی ئەو حزبانەی بەشداری هەڵبژاردنییان كردووە پێشكەوتووە، هەربۆیە پارتی كە جەماوەری خۆی هەیە و قەبارەی خۆی جێگیربووە، بە درێژایی ئەو چەند ساڵە بەچەند كورسییەكی كۆتاكان نەدەبێتە دۆڕاو و نەدەبێتە حیزبی دووەم، بەڵام پێشێلكردنی مافی توركمان و مەسیحی و تەواوی پێكهاتەكانی تر جێگای نیگەرانییە و دەستبردنە بۆ ئەو مافەی كە لە هەرێمی كوردستاندا پێیان ڕەوا بینراوە، كە ئەوانیش پێشتر هاوتای هەموو كوردستانییان چەوساوەی ژێر دەستی ڕژێمی بەعس بوون و وەك هەر هاونیشتمانییەكی دیكەی ئەم وڵاتە مافیان پێشێل دەكرا، كێشەكەش ئەوەیە هەموو ئەم بابەتانە بە ئەنجامی هەڵبژاردن ببەسترێتەوە كە سوور بزانرێت ئەم دەستێوەردانە دواجار بەمەوە ناوەستێت، كەچی هەندێكی دیكە لە خەمی هەریسەكەن و پەلكی بابەتەكەیان بەدەستەوەیە و هەموو بابەتەكەیان بەستۆتەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردن، لەوەش تێناگەن پارتی خەمی كاكڵەكەیەتی، نەك توێكڵەكە.

هەواڵی پەیوەندیدار