یادی جەنەراڵی چیاکان هەمیشە بەخێر

ھۆشیار سیوەیلی
سبەینێ یادی ١٢١ ـەمین ساڵەی لەدایکبوونی بارزانی نەمرە. مستەفا بارزانی لەسەردەم و زەمانێکدا هاتە دنیاوە کە هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری نەک تەنیا مافە نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی کوردیان زەوتکردبوو، بەڵکو ژیانیان لە رووی ئابووری و گوزەرانیشەوە شپرزە و تووشی داڕمان کردبوو. هەر بۆیە شێخ عەبدولسەلامی براگەورەی لە دژی عوسمانییەکان راپەری و دواتر گیراو لە ساڵی ١٩١٤ لە مووسڵ لە سیدارەدرا. مەلا مستەفا لەم کەش و دۆخەدا هاتە دنیا و ساڵانی منداڵی و گەنجی لە بەندیخانە و ئاوارەیی دەربەدهریدا بەسەر برد. ئەم ژینگەیە رەگ و ڕیشەی بیروباوەڕی ڕزگاری و ڕەتکردنەوەی جەور و ستەمی لە ناخ و مێشکدا داکوتا و لە ماوەی ٧٦ ساڵی تەمەنیدا شەڕ و ئاوارەیی و هەڕەشە راستەوخۆکان بۆسەر ژیانی، ئەم ڕەگ و ڕیشەیە مایەوە و لە دوا ساتەکانی ژیانیشیدا لە واشنتۆن و بە دەم ئازار و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی هێشتا کۆڵی نەدابوو. ئەوانەی لە گەڵیدا ژیاون ناسیوویانە، باسیانکردووە کە بارزانی دژی زوڵم و چەوسانەوە بوو، هەمیشە پشتگیری مافخوراوان و زوڵملێکراوانی دەكرد. بەشێک لەم بڕوا و قەناعەتە لە پەروەردە و ڕێبازی شێخەکانی بارزان و سۆفیگەرییەوە بۆ مابۆوە و بەشێکیشی ژیانی ڕۆژانە و چەوسانەوەی گەلەکەی و زوڵمی داگیرکەران فێری کردبوو. هەموو ساڵێک یادی لە دایکبوون و کۆچی دوایی ئەم ڕابەر و سەرۆک و سەرکردەیە دەکرێتەوە و زۆریش باسی ڕێبازەکەی دەکرێت، بەڵام هێشتا زۆری ماوە ئەو ڕێباز و بیرکردنەوە و هەڵوێستانە وەک پێویست لە کار و کردەوەماندا ڕەنگدانەوەیان هەبێت. ئەو بەر لە هەموو شتێک حیزبی وەک ئامراز سەیر دەکرد، ئامرازێک کە خزمەتی ئاماجێکی پیرۆز و گەورە بکات کە خزمەتی کورد و کوردستانیانە. زۆرجاریش لەسەر ئەمە ڕەخنەی لێگیراوە و بە ناحەق باسکراوە. بە چاک و خراپ زۆر لەسەر بارزانی نەمر نووسراوە و وتراوە، ڕەنگە کتێبەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی سەرچاوەی زانیاری باش بن، بەڵام هێشتا لایەن و ڕووی تری ژیانی ماوە کە هەڵسەنگاندنی زانستی و بابەتیانەی بۆ بکرێت. لەم بۆنەیەدا دەڵێین یادی جەنەراڵی چیاکان هەمیشە بەخێر.




