مسته‌فا بارزانی

فازڵ میرانی
له ڕۆژمێری حیزبی و نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتماندا، ڕۆژی یه‌كی ئادار، شوێنێكی پڕ ئازاری گرتووه و تاقیكردنه‌وه‌ی ئارامگرتن و دانبه‌خۆاگرتنمانه، وه‌رچه‌رخانێكه له كاروانی خه‌باتدا، هه‌ندێك به درێژی، بۆ نه‌وه‌یه‌كی باس ده‌كه‌م كه سه‌رله‌نوێ پیاوێك ده‌ناسێت به باوه‌ڕه‌وه حوكمی قه‌ده‌ری كردووه و ڕێڕه‌وی مێژوویه‌كی گۆڕیووه كه به‌هێزه‌كان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان و گه‌لانی تریاندا سه‌پاندبوو، مه‌به‌ستم بارزانی و ساڵیادی كۆچی دوایه‌تی له یه‌كی ئاداری 1979دا.
به درێژایی مێژوو و ته‌نانه‌ت له داهاتووشدا، بوونی كه‌سانێكی وه‌ك مسته‌فا بارزانی له ڕووی ده‌ستكه‌وته‌كه‌یانه‌وه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌گمه‌نه، نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه تا ئێستاش له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی زۆره‌وه به‌ئامانج ده‌گیرێت، تازه‌به‌تازه له‌پێناو مه‌رامگه‌لێك كه له نێوان نكۆڵیكردنی به‌ئه‌نقه‌ست و ئه‌قڵیه‌تی خۆسه‌پێنی فره ڕوخسار و فره بیروباوه‌ڕدا دێتوده‌چێت، وه‌ك نه‌ژاد دژایه‌تی ده‌كرێت. نه‌ته‌وه‌یه‌كه، به‌ڵام جه‌سته‌ی پارچه‌پارچه‌كراو، نه‌خشه‌كه‌ی سرووشتییه، وه‌لێ به‌لای هه‌ندێك ڕێژیمه‌وه دروستكراوه، ڕێژیمگه‌لێك كه ئاماده‌ن هه‌موو شتێك بكه‌ن، گوێگرتن له ویژدان و ده‌نگی هه‌ق بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌ق نه‌بێت.
به‌هره‌مه‌ندییه‌كه‌ی كه وه‌ك هه‌ر بلیمه‌تێك ده‌زانێت چۆن خاڵه لاوازه مێژووییه‌كان له بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه زاده‌ی سته‌من له نه‌ته‌وه، بگۆڕێت بۆ خاڵی به‌هێز، مسته‌فا بارزانی هاته مه‌یدان و گوتی به‌سه، هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌و (به‌سه)یه‌شی دا بۆ خه‌باتی كرده‌نی، جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ش، هێنده ئاسان نه‌بوو ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی دانای وه‌ك بارزانی نه‌بووایه.
سه‌رهه‌ڵدانی بارزانی له‌و زه‌رف و زه‌مانه‌یه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كانی ئه‌وێ ڕۆژیدا به ڕووی ڕێژیمگه‌لێكدا كه مێژووی بێلایه‌ن به سته‌مكار ده‌یانناسێت، مه‌سه‌له‌یه‌ك بوو نزیك له خه‌یاڵ و موجیزه، وه‌ستانه‌وه‌ی تاكه‌كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه و خه‌باتكاره‌وه، كه باوه‌ڕیان به‌و و دۆزه‌كه‌یان هه‌بوو، به‌رانبه‌ر رێژیمگه‌لێك كه ڕێژیمگه‌لێكی تر پشتیوانیان ده‌كردن، پیاوێك ده‌بێته نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه بانگی عه‌داله‌ت و داوای كۆتاییهاتنی زوڵم ده‌كات.
مسته‌فا بارزانی قه‌بووڵی نه‌بوو سه‌ر به ڕێژێمێك بین كه چۆن حه‌زی كرد ئه‌وها بمانبینێت، سه‌ر دانه‌وێنین و به‌و پێگه‌یه ڕازی بین كه پێمان ده‌به‌خشرێت، بۆیه بارزانی به كرده‌وه ده‌نگی هه‌قی خودایی گێڕایه‌وه، ئه‌و ده‌نگه‌ی به یه‌كسانی و ئازادی و مافی هه‌ڵبژاردن ڕێزی له ئینسان ناوه.
بوونی بارزانی، ده‌رچوونێك بوو له‌و بنه‌مایه‌ی سه‌دان ساڵ بوو ئه‌قڵیه‌تی حوكمڕانی بۆ ڕێگرتن له ده‌نگی هه‌ق سه‌پاندبووی، بۆیه خه‌بات زیاتر له هه‌وایه‌كی پاك ده‌چوو دوور له هه‌ڵمژینی دووكه‌ڵی بنده‌ستی و دڵڕه‌قی.
بزاڤی نێو چیاكان بریتی بوو له كۆچ به‌ره‌و هه‌ق، به‌ره‌و دروستكردنی مێژووییه‌كی سه‌ربه‌رزانه بۆ تاك و كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه، بووینه دوو به‌ره، به‌ره‌یه‌ك داوای حوكمڕانی عادیلانه، به‌ره‌یه‌كیش داوای حوكمڕانی به‌ئاره‌زووی حوكمڕانانی ده‌كرد.
بارزانی به ڕاستوڕه‌وانی كار و گوته‌كانی، سه‌رله‌نوێ به‌هاگه‌لێكی ئه‌وتۆی له ده‌روون و ئه‌قڵ و كاروكرداری گه‌له‌كه‌یدا به بێگه‌ردییه‌كی كه‌موێنه‌وه چانده‌وه كه له خه‌ڵكی جیا ده‌كردنه‌وه، بێ به‌رانبه‌ر، ژیانی خۆی بۆ ته‌رخان كردن.
زاهید، پاك، سنگفراوان، زیره‌ك، ئازا، نه‌فسبه‌رز و ده‌یان خه‌سڵه‌ت كه له هیچ چه‌رخ و ده‌ورانێكدا نه‌ده‌گۆڕان، ئه‌وه مسته‌فا بارزانی بوو، سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كان و ڕاپه‌ڕینه‌كان و پیاوی هه‌لومه‌رجه سه‌خته‌كان.
له یه‌كی ئاداردا، پاش چه‌ند ساڵێك له نسكۆ و دواتر شۆڕشی گوڵان كۆچی دوایی كرد، له ئاست كۆچی‌دا، بێده‌نگی جوانترین زمان و په‌یڕه‌وكردنی ڕێبازه‌كه‌ی باشترین و نایابترین كاره.
مسته‌فا بارزانی پێوه‌رێكه بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، بۆ ئه‌و پارتیه‌ی شانازی ئه‌وه‌ی پێ‌بڕا داوای سه‌رۆكایه‌تی لێبكات، بارزانی هه‌ر سه‌رۆكی پارتی نه‌بوو، پارتی یه‌كێك بوو له كه‌ناڵ و كه‌ره‌سه‌كانی كاركردنی، بارزانی سیمبووڵی نه‌ته‌وه و گه‌وره‌ترین هۆكاری هه‌ستانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه و پێشكه‌وتنه.
هه‌موو كورد و خه‌ڵكانێكی زۆری غه‌یره كوردیش له دڵه‌وه باوه‌ڕیان به‌وه‌یه كه بارزانی سیمبووڵ و مه‌رجه‌ع و سه‌ركرده‌ی هزریانه، مسوڵمان و غه‌یره مسوڵمان، ڕۆژهه‌ڵاتی و غه‌یره ڕۆژهه‌ڵاتی، ئه‌وانه‌ن كه كاریگه‌رییه‌كی بارزانیان پێكه‌وتووه، ڕاستگۆیی و ڕاستییه‌كه‌یان ناسیووه.
بارزانی پێوه‌ری پیاوانه، هه‌ر كاتێك كه‌سێكت بینی له‌سه‌ر ڕێبازی ئێمه و سیاسه‌ته‌كه‌مان كاربكات، ده‌بێت دیقه‌ت بده‌یت بزانیت تا چه‌ند هزره‌كانی بارزانی به كاروكرده‌وه‌كانییه‌وه دیاره، تا بۆت مه‌علووم بێت ئه‌و ڕێبواری ڕێی بارزانی و نه‌ته‌وه‌یه، یان ئه‌و له‌سه‌ر ڕێیه‌كی تره و هه‌ر بۆ به‌و ڕێیه‌شدا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
دروود بۆ ئه‌و گیان پاكانه، بۆ گیانی هه‌موو قوربانیده‌رانی ڕیبازه‌كه‌ی، ئه‌وانه‌ی كۆچیان كردووه، ئه‌وانه‌ش كه چاوه‌ڕێن.
*به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان.




