٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

وتارەكەی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

عارف ڕوشدی

لە کوبونەوەی لوتکەی ساڵانەی حکوومەتەکاندا لە وڵاتی ئیمارات، بە داواتنامەیەکی فەرمی میری ئەو وڵاتە هێژا مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شان بەشانی دەیان سەرۆکی دیکەی وڵاتان بەیاوەری شاندێک بەشدار بوو. لەو کوڕبەندەدا وتارێکی گشتگیری گرنگ و سەرنجراکێشی پێشکەشکرد، لە چەندین ڕوژنامە و پێگەی ڕوژنامەوانی و لێدوانی زۆرێک لە بەشداربووەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو. بە ڕیزبەندییەک چەند خاڵیکی کاریگەر لە بارەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم کۆمەڵگای نیودەوڵەتیدا گرتبووەخۆ وەک ئاڵنگاری(سیاسی، ئاسایش، ئابوری و کەشوهەوا) سەبارەت بە ئاڵنگاری سیاسی و ئاسایش، ئاماژەی کرد بە دوو کێشەی هەرە هەستیاری ڕوژهەڵاتی ناوەراست (کێشەی فەلەستین و کێشەی کورد) و ئەو ڕاستییە مێژووییەی خستەڕوو : تا ئەو دوو کێشەیە لە سەر بنەمای پرەنسیپی (مافی چارەی خۆنووسین) وەک یاسایەکی دانپێدراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چارەسەرنەکرێن، حکوومەت و گەلانی ناوچەکە لە سەقامگیری (سیاسی، ئاسایش و ئابوری) دوورە پەرێز دەبن و نەهامەتییەکان بەردەوام دەبن.

خستنەڕووی ئاراستەی تەندروست و بنەرەتیانەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە عێراقدا لە چوارچێوەی پرینسیپی (مافی چارەنوس) گواستنەوەیەکی چۆنایەتییە لە گوتاری سیاسی هەرێمی کوردستاندا، لە بواری کۆتاییهێنان بەو ستەمە مێژووییەی لە ئاستی گەلەکەماندا پیادەدەکرێت، لە هەمان کاتدا زەنگێکی هۆشیارکەرەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی ئیمڕۆی عێراق بۆ ئەوەی شێلگیرانە بە سیاسەتە نالەبارەکانیاندا بچنەوە و ماف و ئەرکەکانی گەلەکەمان وەک چۆن لە دەستووری عێراقیدا بەرجەستەکراون بخرێنە بواری جێبەجیکردنەوە دوور لە مانۆری قێزەوەنی پاساوهێنان و چەوساندنەوە و باڵی دەستی خۆسەپێنەر.

پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوانەی ڕاستگون لەگەڵ (گەل و نیشتیمان، ئاین و دونیادا) پشتیوانی بێ مەرجی گوتارە ڕەوا و سەرکەوتووانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و، دەروازەیەک بێت بۆ کاری پێکەوەیی و، بە یەکڕیزی ڕووبەڕووی پێشیلکاری و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمەکەمان ببنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار