٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە كونسوڵی هیندستان لە هەولێر كرد

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی كانوونی یەكەمی 2023، لە سەڵاحه‌دین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز مادان گۆپال كونسوڵی هیندستان لە شاری هەولێر كرد.

لەدیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و ئەو بوارانە كرا كە دەكرێ لە برەودانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هیندستان كاری لەسەر بكرێت. كونسوڵی هیندستان لە هەولێر، خوازیاری ئەوە بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بواری پێگەیاندنی توانای مرۆیی و كوولتوری و تەكنەلۆژیا و پزیشكی پەرەی پێ بدرێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ سەركردە گەورەكانی هیندستان وەك گاندی و نەهرۆ كە ڕۆڵیان هەبووە لە پاڵپشتیكردنی گەلانی مه‌زڵوم و ئاشتی و تەبایی لە جیهان و ڕایگەیاند گەلی كوردستان ڕێزێكی تایبەتیان بۆ گەلی هیندستان و كولتووری فرەیی و پێكەوەژیانی هیندستان هەیە.

لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان خستەڕوو و كونسوڵی هیندستانیش ڕۆڵ و خەباتی پێشمەرگە و گەلی كوردستانی لەپێناو ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند.

هەواڵی پەیوەندیدار