سەرۆك بارزانی لەگەڵ سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبووەوە

ههولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی لەگەڵ سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبووەوە و "قوربانیدان و ماندووبوونی ئافرەتانی كوردستانی بەرز نرخاند".
ئەمڕۆ یەكشەممە 17/12/2023، لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆ بووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كوردستان، قوربانیدان و ماندووبوونی ئافرەتانی كوردستانی بەرز نرخاند و بە پێویستی زانی، كە لە قۆناغی داهاتوودا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە پێگەیاندنی ئافرەتان و قووڵكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئافرەتان بە گڕوتینێكی زیاتر و سەردەمیانە بەردەوام بن، هەروەها كار بۆ بەرگریكردن و پاراستنی مافەكانی ئافرەت لە كایە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا بكەن."
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆك بارزانی سوپاسی سكرتێر و ستافی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانی كرد، كە ئەركەكانیان بە باشی بەجێ گەیاندووە، پەیوەست بە بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا، ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی خستە ڕوو.




