گەشەی ئافرەت.. گەشەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەیه

نارین عەبدولقادر
لەم سەردەمەدا، کە شەپۆلێکی گەورەی بزووتنەوەی ئافرەتان و ژنان کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی گرتۆتەوە ئهوهش كۆمهڵێ پرسیار دێنێته ئاراوه، تایبهت به كوردستانیش پرسیارهكه ئهوهیه ئاخۆ دەستکەوتی ئێمەی ئافرەتانی کورد لە کوردستان چی بووە؟
بەر لە هەر شتێک، پێویستە ئەوەمان لە بەرچاو بێت کە بە هۆی بارودۆخێکەوە کە کورد تێیدا ژیاوه و دەژیا و چوارپارچەبوونی کوردستان و خەباتی نەتەوەیی بەردەوام، پلەی یەکەم لەلای ئافرەت، بە کێشە و دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی دراوە، ئەگەر سەیرێکی رابردوو بکەین، چالاکبوونی ئافرەتیش، تێکەڵاوە بە خەباتە یەک لە دوای یەکەکانی شۆڕشە نەپساوەکانی تێکۆشەرانی کوردستان.
نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە ئافرەتان، بە درێژایی دیرۆکی بزافی ڕزگاریخوازیی کوردستان، خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییان لە هەموو کایەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و ئافرەت لە سەرجەم بوارەکاندا ڕۆڵی باڵا و گرنگی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی چالاکوانانی ئافرەت چ سیاسی و چ ناسیاسی، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هاوکات لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی، دەبێ خەباتی مهدهنیانهی ئافرەتانیش بەردەوام بێت، ئەم دوو خهباتهش بۆ ئافرهتان، وەک دوو ڕووی دراوێکن و لەیەکدی جودا ناکرێنەوە.
لهو پێناوهشدا یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، کە لە ڕێکەوتی (11 ی 12ی 1952) بە ڕاسپاردەی باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد ژەنەڕاڵ (مستەفا بارزانی نەمر) دامەزراوه، هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئافرەتانین و مێژوویەکی درێژمان لە خەباتی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیدا هەیە، هاوکات پەیامی مرۆڤدۆستانەشمان هەڵگرتووە، بۆیە پێویستە لە هەموو یاسا و ڕێسا و دەستوورەکانی وڵاتدا، بەرژەوەندی و مافەکانی ئافرەتان ڕەچاو بکرێت، چونکە دواجار بە ئامادەیی ئافرەتەوە هەموو سێکتەرەکانی ژیان لە جووڵە و پێشکەوتنی بەردەوامدا دەبن.




