٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە بارەگای سیاسییەوە بۆ زانکۆی کەرکووک، بۆ؟

سەرچاوە: KDP.info

د.سالار عوسمان

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 26ـی ئەم مانگەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە پێشنیارێکی چارەسەرئامێزی خستەڕوو، پێشنیارێک، کە پڕیەتی لە پەرۆشی و پێکەوەژیان و حیکمەتی سیاسی.

پێشنیارەکە پەیامێک بوو بۆ هەمووان، بۆ ناوخۆ، بۆ دەرەوە، بۆ بەغدا و کەرکووک و کوردستان و هەمووان، تەنانەت بۆ هزری سیاسییش بوو، کە هەندێ جار گڕە و گرێ و گرفت دەیگرێ و دەبێ حیکمەتێک بیکاتەوە.

بارەگای داگیرکراوی سەرکرایەتیی پارتی لە کەرکووک، کە دەمێکە بۆتە گرفت، سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا گرفتەکەی چارەسەر کرد و ئەم بارەگایەی بەخشی بە زانکۆی کەرکووک، کەواتە:

ـ گرفت نییە چارەسەر نەکرێ، کە پارتی هەمیشە بەوە ناسراوە، دەستی چارەسەرە.

ـ دەرگاکردنەوە بۆ دیالۆگ، کە ئەمەش هێزە، پەرۆشییە، بڕوابوونیشە بە خۆت و بەرامبەرەکانت، چونکە ئەوانەی لەودیو دەرگای داخراوەوە سیاسەت دەکەن، ناتوانن ڕێگا ببڕن و ئاکام جێدەمێنن، پارتی بەردەوام ڕێگابینە، لەگەڵیشیدا واقیعبین و دووربین.

ـ بەخشینی ئەم بارەگایە بە زانکۆ، بە خوێندن، بە زانست، بە قوتابیان، بە مامۆستایان، بە کەرکووکییە ئازیزەکان، واتای زۆری هەس، سەرەکیترینیان:

کەرکووکییەکان گرنگترن، هەروەها گەڕانەوەیە بۆ ماناکانی ڕووناکی و کارکردنە بە میتۆدی زانست، کە هەمووان وەک یەک کۆدەکاتەوە.

پەرۆشییەکی تری ئەم بڕیار و پێشنیارە ئەوەیە، کە سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نایانەوێت خوێن بڕژێ و کێشەی تر دروست بێت، کە ئەمەیش ڕێزگرتنە لە مرۆڤ، کۆمەڵگا، ئاشتی و ژیان.

كەركووك كە بە شاری برایەتی و فرەیی و پێكەوەژیان ناسراوە، كێشەكانیشی تەنیا بە برایەتی و پێكەوەژیان قبوڵكردنی فرەیی و هەمەڕەنگی چارەسەر دەكرێت.

ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی ـیش لەم ڕەهەندە قوڵانەی پێكەوەژیان هەڵقوڵاوە، زانكۆیش جگە لە ئەركی زانست و زانیاری، ئەركێكی كۆمەڵایەتی زۆر گرنگیشی هەیە ئەویش كۆكردنەوەی جیاوازیەكان و تێكەڵاوكردنیانە لەپێناو كاڵكردنەوەی ناسنامە و ئینتما لاوەکییەکان و بەهێزكردن و بونیادنانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی هاوبەش، دواجار هێنانە كایەی پێكەوەژیان و سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی.

ئێستا دەبێت بەئومێد و خێرەوە چاوەڕێ بکەین و بزانین چی ڕوودەدات؟

 

هەواڵی پەیوەندیدار