لە 20 و 26 ی ئۆکتۆبەردا هەولێر، داستانی پردێ و سحێلای تۆماركرد

د. محمد خدر مولود
گەر ساتەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو رۆژانە بووبن، کەوا دوژمنانی قەستە سەری پرۆسەی ریفڕاندۆم و ئەزموونی حوکمرانی کوردستان، مەست بووبن بە سەرکەوتنی میلیشیاکان و خۆبادان و پۆزلێدەرانی هەرزەی ناوخۆ.
شەش ساڵ بەر لە ئەمرۆ، لە ڕۆژی 20ی ئۆکتۆبەری 2017 لە گەلەکۆمەکیەکی توکمە و بە رێکەوتنی پێشوەختەی پلان بۆداڕێژراوی ئیقلیمی حەشد و مەشد و هێز و میلیشیایی بەغدا و تاران و بەیروت و باوەکوشتە و قەستەسەران و کورد و کەرکووک و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بە چەکی پێشکەوتووی سەردەم لە رێیی پردێ وە، هەروا رۆژی 26ی ئۆکتۆبەری 2017 بە هەمان تفاقی شەڕ و تەدارەکی جەنگی گەورە لە سحێلاوە، هێرش لەدوای هێرشیان هێنا.
6 ساڵ بەر لە ئەمرۆ پلانە داگیرکارییەکە ئاوا داڕێژرابوو لە پردێ و مەخموور راستەوخۆ بگەنە پایتەختی کوردستان و داگیری بکەن و لەوێوەش بۆ پیرمام و سەری بڵند تا حاجی ئۆمەران و لە گەڵ میلیشیاکانی ئەودیوی سنوور یەکبگرنەوە، لە لای سحێلا و مەحموودیەوەش دەڤەری بادینان داگیرکەن و شاری دهۆک و زاخۆی دەلال و هەموو کوردستان وەک سەردەمی تۆتالیتاریەتی بەعس ئاسا، بیخەنەوە ژێر رکێفی خۆیان و کورد و کوردستان لە سەردەمی ژێردەستەیی سوننەی عەرەبی عێراقی لە ساڵی 1921 تا ژێردەستەیی سوننەی رژێمی پێشوو بەعس، دەستی بە دەستی پێ بکەن لە 20 و 26ی ئۆکتۆبەری 2017 وە بیگوازنەوە بۆ بن دەستە و ژێردەستەی شیعەی وەڵائی.
شەش ساڵ بەر لە ئەمرۆ، لە 20و 26ی ئۆکتۆبەری 2017 دا هێرشە زەبەلاحەکان بە هەمان هزر و خەیاڵ و بەرنامەڕێژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دەستیان پێکرد، لە پردێ و مەخموورەوە بەرەو هەولێر و سەری بڵند لە سنووری ناوچەی بادینانیش لە سحێلا و مەحموودییە، بەرەو دهۆک و زاخۆ هێرشی دڕندەیی بێ ئەمانی عەرەب و فارس و جاشپۆلیسانیان درێژەی پێ درا.
ئەو پرۆسەیە، پرۆسەی پاکتاوکردن و لەناوبردنی کورد و داگیرکردن و توانەوەی نەتەوەیەک بوو لە سۆنگەی دەنگدانی نەتەوەیەکەوە سەرچاوەی گرتبوو بە ئاراستەی دژە کورد جولێندرا، پەرچەکرداری دوژمن و ناحەزان بوو بۆ لەمپەر و کۆسپی بەردەم سەربەخۆیی وئازادیی. هەروا دژی سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیفڕاندۆمی نەتەوەیەک بوو کە بۆ بڕیاردان لە ئایندە و چارەنووسی خۆی و بۆ گەڕانەوە بە کۆدەنگی و خواستی ئاشتییانەی کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140 بۆ باوەشی کوردستان لە ساتە بەختەوەرییەکانی مێژوویی خۆیدا دەژیا.
سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکان لەم دوو داستانەدا هەموو ئەو هاوکێشانەی پێچەوانەوە کردەوە کە لە 16 ئۆکتۆبەرییەکان لاف و گەزافی سەرکەوتنیان بەسەر هەولێری ڕووگەی کوردایەتی و پایتەختی بڕیاری سیاسیی کوردستانی لێدەدا.




