٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سه‌ركه‌وتن له‌ یه‌كڕیزى و هاوبه‌شى و كارى پێكه‌وه‌ییدایه‌

سەرچاوە: KDP.info

د.محمد خدرمولود 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە 27ی ئەیلوولی 2023 لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی بەشداری کرد و گوتارێکی گرنگی بە ڕەنگ و ڕوو و ڕووخسارێکی گەشی دەم بە خەندە و پێکەنینی باوەڕبەخۆبوو، پێشکەشی ئامادەبووانی بۆنەکە کرد. 

گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وەک ڕووسەکان ناو و نازناوی (دبلۆماسییە ژیرەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست)یان پێ بەخشیوە لە کات و سات و رۆژی  پێشکەشکردنییەوە بۆ ئایندە، دەبێتە گوتارێکی مێژوویی  ڕوون و ڕەوان و بوێر و ڕاشکاوی حەقیقەتبینی ئایندەیی خاوەن چەندین ڕەهەندی گرنگ و چارەنووسسازی ئێستایی و سەردەمییانەی تایبەت بە پرس و خواسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. 

ئەو گوتارە، هەڵگری ئەو پەیامەیە کەوا هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکە شۆڕشگێڕ و وەفادارەکەی بوونەتە قوربانی سیاسەتی تۆتالیتاری و فرەهێز و دەسەڵاتەکانی دەرەوە و ناوەوەی حکوومەتی عێراقەوە، بە هۆی پێشێلکردنی یاسا و دەستوور و هەموو ئەو رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە کراون بۆ پێکهێنانی حکومەتی شیاع سودانی و هەموو بڕیارە بێ دەرەتانەکانی دادگای فیدراڵی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا.

هەمدیس گوتارەکە هەموو ئەوانەیشی، بە شەڕی دەروونی و میدیایی دەمارگیر و پۆپۆلیستی و توخمچیاتی و ناوچەگەرایی و سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی ناحەز و دوژمن  بەخۆفێرکردن، کە دەرحەق بە هەرێمی کوردستان گرتویانەتە بەر دەگرێتە خۆی.

هەروا گوتارەکە هەڵگری ئامانج و ستراتیژیەت و بەرنامەڕێژی ئایندەیی  پەیامی هەرێمی کوردستانی عێراقە بۆ بەغدا. 

لە خوێندنەوەی دەقی گوتارەکەی بەرێز نێچیرڤان بارزانی دا ئەم چەند شرۆڤە و ڕاڤە ئەستاییەی  لێوە هەڵدەهێنجنین. 

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوخوێی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دا ڕاشکاو و بوێرانە گوتی: دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان کاربکەن بۆ ئەوەی شووباتی داهاتوو دەنگدانێکی سەرکەوتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێ. 

بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموو ئەو ئازار و مانۆر و ئاین و ئۆن و سیناریۆیانەمان بیردەخاتەوە کە چۆن هۆکار و ڕێگا خۆشکەربوون بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەغداوە وەک بینیمان، هەروا ڕژدبوونی خودی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم و کابینەی نۆیەمی حکوومەتمان بیردەخاتەوە و ملنەدانی هەندێ لایەن بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەو ئەنجامەی لێ کەوتەوە کە بە هەڵوەشانەوە کۆتایی بێ.

هەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوخۆدا، بە تایبەتیش پەیوەندیەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی ڕاشکاو و ڕوون و ڕەوان و بێ گرێ گوتی: بە کاری هاوبەشی و پێکەوەیی، بە هاوکاری و برایەتی پارتی و یەکێتیی یەکریزی و سەرکەوتن بەدەست دێت. بۆ ئەم گوتەیەی نموونەی ئەزموون و کاری هاوبەش و پێکەوەیی بەرێزان بارزانی و تاڵەبانی وەک بەڵگە هێنایەوە. 

بۆ تەواوی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕژد و ڕاشکاوانە  ڕوو لە بەغدا دەکات و بوێرانە دەڵێ: دەبێ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە پێی رێککەوتنە سیاسییەکان و یاسا و دەستوور و سیستەمی فیدڕاڵی مامەلە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات. 

لەم گوتەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بیر ئامادەبووان و سەرۆک و سەرکردە عێراقییەکانی نێو هۆڵەکە کە زۆرینەیان سەر بە پارت و لایەنی شیعە مەزهەبی بوون دێنێتەوە و مەبەستیەتی بڵێ: حکوومەتەکەی ئێستای سەرۆک وەزیران شیاع سوودانی، بە رێککەوتنی سیاسیی و بە ڕەزامەندی دامەزراوە و لە سەر بنەمای کاری هاوبەش و پێکەوەیی هاتۆتە ئاراوە و ناکرێ بە ئاسانی و بە مەبەست ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی نادیدە بگیرێ و کەنارگیر بكرێ. 

سەرباری ئەو هەموو فشار و هەژموونە سیاسییانەی بەغدا دەیهێنێتە سەر هەرێمی کوردستان کە مەبەستی ئاشکرای لە پشتە و باگڕاوەندی خۆی هەیە، پلان و سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی تێکۆشەری هەرێمی کوردستانیش هەر لە سۆنگە و لە درێژەی ئەو سیناریۆیە یە لە بەغداوە لەلایەن کارەکتەرە جیاجیاکانەوە بەرامبەر هەولێر و هەرێمی کوردستان پیادە و جێبەجێ و نمایش دەکرێ. 

ئاخر ئەم گوتەیەی نێو گوتارەکەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی کە دەڵێ: نابێ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی ناکۆکی سیاسیی، ئەوە ئەو راستییە دەگەینێ و هیچی تر نا.

سیاسەتی برسیکردنی هەر گەل و نەتەوەیەک، مەترسیدارترین بابەتی  سیاسیی سەردەمە و تەنانەت رژێمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانیش نەوێراون دەستی بۆ بەرن. مێژوو و ئەزموونی حووکمڕانی لە جیهاندا ئەوەی بۆ سەلماندوین دەست بردن بۆ پیادەکردنی سیاسەتی برسیی کردنی گەل و هاونیشتمانی و هاووڵاتی چەندین سیستەم و دەسەڵاتی حوکمداری توند و تۆڵی گۆڕەوشار کردۆتەوە. 

لە کاتێکدا گەلی کوردستان  بە تەواوی چین و توێژەکان و پێکهاتەکانییەوە لە عێراقی بەناو فیدراڵیدا تا ئێستایش لە جەستەیدا خوێنی تاوانەکانی جینۆسایدی لێ دەتکێ و قەتماغەی برینەکانی ئەنفال و کیمیابارانی نەک هەر سارێژ نەبووە، بەڵکو قوڵتر و بە سۆترن و خاکی سوتماکی لە ناخەوە دانەمرکاتەوە و بۆنسۆی لێوە هەڵدەستێ، مادەی 140ی ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ تۆز و گەردی فەرامۆشیی زیاتری لەسەر دەنیشێ. 

جا دەبێ لە سایەی بەغدای ئێستا و ئایندەی حوکمڕانی و سیاسەتی ڕاشکاوانە و بێ منەتی  بەغدا، ئایندەی  هەرێمی کوردستان بەچی بگات ..؟ 

 

هەواڵی پەیوەندیدار