٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئێزگەی دەنگی کوردستان و ٦٠ ساڵ بەخشش

سەرچاوە: KDP.info

د.سالار عوسمان

شەست ساڵە دەنگ هەڵدەبڕێ، شەست ساڵە هاوار دەکات و بانگی ئازادی دەدات، شەست ساڵە خەون دەکات بە وشە، هیوا دەکا بە ڕستە، ماف دەکا بە پەرەگراف، کوردبوون دەکا بە دەق و، کوردستان دەکا بە مانیڤێست.

ئەوە ئێزگەی دەنگی کوردستانە، کە بە ڕادیۆکەی شۆڕش ناسراوە و کەم کورد هەیە، یادگارییەک، خەون و خەم و خۆشییەکی لەگەڵدا نەبێت.

ئەم ئێزگە هەژی و هێژا و هەوێنە لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە هەولێر یادی شەست ساڵەی خۆی دەکاتەوە و، جگە لە ئاوڕدانەوە لەو مێژووە پڕ مانایە (1963/9/28-2023/9/28)، قسەیەک لە ئێستای ڕاگەیاندن و بەرپرسیەتیی ئەم قۆناغە و کارسازییەکی باشتری نیشتمانیی میدیایی دەکات.

هەر لێرەوە سڵاو بۆ گیانی بەرزهەڵکشاویی (مستەفا بارزانی) دەنێرین، کە دوای دوو ساڵ و وەک زەروورەتێک بڕیاری دامەزراندنی ئەم ئێزگەیەی دەرکرد و هەمووانی لە دەور شوعلەی دەنگی ئازادیدا کۆکردەوە. هەرلێرەوە سڵاو بۆ شەهیدەکانی دەنگی کوردستان دەنێرین، کە دەکرێ ناویان لێنێین (شەهیدانی دەنگی ئازادی)، چونکە بەڕاستی دەنگی کوردستان دەنگێکی بەرهەمدارە لە پێناو ئازادیی گەلەکەیدا، دیسان هەر لێرەوە سڵاو بۆ کادیرەکانی سەردەمی شاخ دەنێرین، کە دەکرێت ناویان لێنێین (خۆنەویستەکان)، چونکە بە ڕاستی خۆنەویست بوون، خۆیان نەویست و گەلویستانە تەمەنیان نەزری ئازادی کرد، هەر لێرەوە سڵاو بۆ کادیرانی شار، کە ئەوانیش وەک مۆم سووتان و، ئیتر چراخانی ئەم مێژووە وا بە سەر هەمووانەوە دەدرەوشێتەوە و، وەک تاج بۆ میدیای کوردیی نیشتمانی جێ دەگرێت.

پیرۆز بێت شەست ساڵ تەمەن و شەست ساڵ بەخشش لە پێناو کوردستاندا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار