پارتی دیموکراتی کوردستان کەنارگیر ناکرێ و سیناریۆکانیش گۆڕەوشار دەکاتەوە

د. محمد خدر مولود
لە کاتێکدا جەماوەری گەلی کوردستان لە گەڵ پارت و لایەن و کەسایەتی و چین و توێژە شۆرشگێر و دەستەبژێرەکانی کوردستاندا شان بە شانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو ساڵ یاد و ئاهەنگی 77 ساڵەی دامەزراندنی پارتییان کردوە، لە هەمان کاتدا لە خۆئامادەکردن دان بۆ یادکردنەوەی 62 ساڵەی یەکەمین شۆڕشی گشتگیر و مەزنی ئەیلوول دا، هەروا لە خۆ ئامادەکردن دان بۆ یادکردنەوەی 6 مین ئاهەنگی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو پرۆسەیەی تەخت و تاراجیانی هەژاند و کەرکووکی بە ئاسانی و بە شێوەیەکی دەستووری و ئاشتییانە هێنایەوە باوەشی کوردستانی دایک.
هەر لەم رۆژانەدا شارەکانی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانی کوردی ڕەسەنی شاری کەرکووک بە چەندین بارودۆخی ناهەموار و دژواردا تێدەپەڕن .. لەوانە هەر لە رێگری کردن و داخستنی رێگای هەولێر-کەرکووکەوە لە لایەن عەرەبی هاوردەی وەلائی، تا سەرکوتکردن و شەهیدکردنی خۆپێشاندەران و تیرۆرکردنی چوار هاووڵاتی سیڤل و بریندارکردنی ژمارەیەکی تر و گرتن و نەفیرعام و ڕەشبگیری و بەعەسکەرتاریەتکردنی شاری کەرکووکەوە تا هەموو ئەو بریارە قەرەقۆشییانەی دادگای فیدرالی..!! بەغدا کە لە دژی هەرێمی کوردستان ناویەتی بە بریاری جێبەجێ نەکردن و ڕاگرتنی بریاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی لە بەرامبەر گەڕانەوەی ڕەوای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نێو بارەگاکانی نێو شاری کەرکووک و لە ناو جەماوەربوون بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
بە کورتە ئاوڕدانەوەیەک بۆ مێژووی دەسەڵات و حوکمداریەتی حزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراقی لە بەغدادا لە مێژووی دامەزراندنی حکومەتی تازەوە هەر لە ساڵی 1921 وە ئەو راستییەمان بە ئاشکراو بە ئاسانی بۆ ڕوون دەبێتەوە کەوا هەموو ئەو حزب و لایەن و دەسەڵاتانەی هەن هەر لە سەردەم و سیستەمی پاشایەتییەوە تا سیستەمی کۆماری ساڵی 1958 لەوێشەوە تا رۆژی ئەمرۆ 2023 هەموویان دژی خواستەکانی گەل و نەتەوەی کورد و دژی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بارزان و پاشان لە ساڵی 1946وە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بوونە و تا بۆیان لوابێ بە ئاگر و ئاسن، بە جینۆساید و ئەنفالکردن بەربوونەتە گیانی گەلی کوردستان و خەڵکە سفیلەکەی.
ئەمانەی گوتمان هەموویان بەڵگەیەکی مێژووی باوەڕپێکراوی حاشا هەڵنەگرن بۆ مێژووی خوێناوی و تاریکی دەسەڵاتە حوکمدارە عەرەبییەکانی عێراقی بەغدا گەڕاوەتەوەو ئەو راستییەیان سەلماندووە و مێژوونووسە ئەکادیمییەکانیش نکوڵییان لێ نەکردووە و خۆشیان لە قەرەی ئەو راستییە مێژووییەش نەداوە کەوا کۆمەڵگەی عەرەبی عێراقی بە شیعە و سونەی عەرەبەوە، بە حزب و کۆمەڵە و رێکخراو و بنکەی جیاجیاوە، لەوانەش بە حزبی شیوعی عێراقی یەوە لە ساڵی 1946وە تا رۆژی روخانی رژێمی بەعسەوە هیچیان ڕاشکاو و بوێرانە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە خەمی بە دیموکراتیزەکردنی عێراق دا نەبوونە و هیچیان وەک پارتی خاڵە لاواز و بەهێز و هەستیارەکانی کۆمەڵگای عێراقیان دەستنیشان نەکردووە و کار و خەباتی راستەوخۆیان بۆ گۆڕینی ئەقڵیەتی خودی کۆمەڵگای عێراقی عەرەبی دا نەبووە.
هەر لەو خوێندنەوە و بەراوردکردنی دروشمە سەرەکییەکانی کۆتایی شەستەکانی سەدەی پێشوودا، دەگەینە ئەو راستییە جەوهەرییەی کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان چەندە زیرەکانە کۆمەڵگای عێراق و پێکهاتەکانی خوێندۆتەوە و دەزانێ گرفتەکان لە کوێندەرێی کۆمەڵگای عەرەبی عێراقی دان و کێشە و پرسی کوردیش لە نێو ئەو هاوکێشە ئالوز و پالۆزانەدا چۆن چارەسەر دەکرێ و چۆنیش عێراق و دەسەڵاتدارییە حکومەتییەکەی هەرچەندە بەهێزیش بێ ئارامی و خۆشی و ئاشتەوایی بەخۆیەوە نابینێ تا پرسی کورد و ئامانج و داواکارییە ڕەوایەکانی چارەسەر نەبێ.
لە هاوکێشەی پێکهاتەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ئەوسای شێستەکانەوە بۆ دوا خاڵی داواکارییەکانی ئەورۆی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، چەندە مەنتقی سەردەم و ژیرایەتی تێدایە، ئەوەندەش پشتگوێ خستنی داواکارییەکان بە دەستی ئەنقەست و بە هەڵپەسراوەیی و هێشتنەوەیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا و بە هەند هەڵنەگرتنیان لێ بەدی دەکرێ، بە نموونە ماددەی 140 کە زیندووترین بابەتە.
بۆیە وەک لە ڕابردوو بینراوە بێ بایەخ کردنی داواکارییەکانی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن رژێمە یەک لەدوایەکەکانی بەغدا هۆکار و ئەنجامی سەرەکی بووبێ بۆ لە سەر کورسی هێنانە خوارەوەی دەسەڵاتەکان لە بەغدا بە ئاستی چۆک پێدادانیان لە بەرامبەر کورد و داواکارییەکانی.
ئەوانە هەموو پەند و وانەی مێژووین، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەرخودانی ژیرانەی توانیویەتی دوژمنانی خۆی شەرمەزاری مێژووە کرێتەکانی خۆیان بکات. لەوانە نموونەی زیندوو حەرەس قەومی و(احنا البدو وین العدو) وە یا رێککەوتننامەی خیانەتکاری 6ی ئازاری 1975 ی جەزائیر وێرای شکستپێهێنانی پارتیش لە نێو گەمە هەرێمایەتییەکە و لە گەرمەگەرمی سەرکەوتنەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دا، وەلێ ئەو شەرمەزارییەی بۆ شای ئێران و هەواری بۆمیدیەن و سەدام حوسێن و وڵاتەکانیان مایەوە زۆر گەورەتر بوون لە شکستە کاتییەکەی ئەیلوول، چونکە دوای ئەیلوولی مەزن، شۆرشی گوڵانی پێشکەوتووخواز بوو بەناونیشانی هەڵسانەوە و بەردەوام بوون و شکستی بە شکست هێنا و هەرسێ رژێمەکەی جەزائیر و ئێران و عێراقی بە جۆرێ بەدەردی زەمانەی بردن، بوون بە پەند بۆ دۆست و بۆ دوژمن.
دوژمنانی کورد و پارتی و بارزانی لە هەر سەردەم و زەمانێک دا بووبن، بە جۆرێ ریسوا و شەرمەزاربوونە، مێژووی خۆیان بەزەییان پیادا نەهاتۆتەوە، بۆ ئەمەش گەر نموونەی میر جەعفەر باقیرۆفی سکرتێری یەکەمی لیژنەی مەرکەزی حزبی شیوعی ئازربایجان و سەرۆکی کەی جی پی ئەوێی ئەو وڵاتە وەرگیرن کە چۆن ناحەقی بەرامبەر مستەفا بارزانی سەرۆک و رابەری کوردان دەکرد لەو ئاوارەییە دا لە وڵاتی سۆڤیەتی پان و بەرینی ئەوسا ئەو ولاتە ئیشتراکییەی بانگەشەی دۆستی گەلانی دەکرد و پاشان ئەو بارگینۆفە چۆن شەرمەزار و ریسوای ستالین و حوکمی سۆڤیەتی بوو و چۆن گۆڕەوشار کرا.
ئەو مێژووە هەر لە جەعفەر باقیرۆفی ئازەربایجانەوە بۆ بارگینۆفەکانی بەغدا و هاوکوف و هاوبیرانی، گەر رێز لە ڕۆڵی گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان نەگیرێت و مافە دەستوورییەکانی ئەو گەلە تێکۆشەرە لە هزری دەسەڵاتدارانی بەغداوە پێویستی نەتەوەیەیی نەتەوەو گەلی کوردستان نەبێ، بەڵکو هەر بۆ کات بەسەربردن و چاوبەستەیی بێ و هەر بە هەڵپەسراوەیی بمێنێتەوە و هەر نادیدە بگیرێ و بەهەند وەرنەگیرێ و وەک ئێستا دەیبینین و هەر جارێ بە ئاین و ئۆینێ کۆسپ و تەگەرە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەولاش بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو مەرکەزیەت و تۆتالیتاریەت هەنگاو دەنێ و بە هزری شۆفینانە سەیری ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و بە نیازی کەنارگیرکردنی ئەزموونەکە و پارتی هەنگاو دەنێن مەبەستیانە کوردستان و هەولێر بگەڕێننەوە سەردەمی بەعسی ئاوئاو چوو.
جا ئێرە ئەو خاڵەیە، پێویست دەکات ڕاشکاوانە بە بیری دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقی و وەلائییەکانی بەغدا بهێنرێتەوە کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا حزبێک نییە دامەزراوەی ئەو چەند ساڵە بێ، بەڵکو حزبێکە وێرای ئەوەی تەمەنی دامەزراندی لە ساڵی 1946وە دەستپێدەکات بەڵام خاوەن کەلتورێکی شۆڕشگێری ناسیۆنالیستی سەردەمیانەیە کە ڕەگوپیکی بۆ سەرەدەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی دەگەڕێتەوە وپارتی بۆ ئێستای ئەزموونی حوکمرانی و حکومەتایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، دەزگا و دامەزراوەیەکی گەورەو مەزنی نەتەوەیییە لە قاڵب و ناوەڕۆکێکی پتەوی نیشتیمانی کوردستانی دایە، مەسعود بارزانی سەرۆک و رابەرێتی.
مەسعود بارزانی ئەو پیاوە مەزنە ژیر و هۆشیارە، وورد بین و ئایندەبینە، خاوەنی سەرکەوتنە مەزنەکانی داستانی خواکوڕک و تەلیسم شکێنی داعش و فریادرەسی ڕۆژئاوا و کوردانی دونیایە. ئەو مەزنە پشتی چیایە و ڕووی لە جەماوەرە و هەڵگری پەیامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی یە. ئەو مەزنە ژمارەیەکی سەنگینی نێو ژمارەکانە، لە سیناریۆ و ئاین و ئۆینەکانی ئەم و ئەو و ئەوی تر و ئەوانی دیکەش باش تێ دەگات، لە هێمنی و دان بەخۆداگرتنیدا ئەو مەزنە سەبری ئەیوبیشی تێپەڕاندووە بۆیە بە هێمنی و ژیرو دانایانە، لە کاتو ساتی خۆیدا هاوکێشە دژەکان ئاوەژوودەکاتەوە و سیناریۆکانیش گۆڕەوشار.
هەولێر 5-9-2023




