٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بە‌غدا و كورد!..

سەرچاوە: KDP.info

د. سالار عوسمان

باسی بەغدا دەكەین، ئەو بەغدایەی لەوەتەی هەیە نەیتوانیوە ببێت بە پایتەخت، پایتەخت بە مانای کۆکردنەوەی هەمووان، جگە لە چەند قۆناغێک، یان چێتر بڵێم لە چەند وێستگەیەكی كەمی مێژوویی نەبێت، كە لاوازبووە، بە نموونە لە كاتی كەوتنی بەعس، كە كورد بۆ سەرلەنوێ ڕاوەستانەوەی تێكۆشا و هەوڵی زۆری دا، ئەوكات هەمووان لەوێ بوون و بەردی بناغەی عێراقی نوێ دانرا و دەستووری عێراق نووسرایەوە، ئیتر كە هەڵسایەوە، کە ڕەنگە هەڵسانەوەکەشی خۆیی نەبێت! خۆی لەبیركردەوە و جارێكی تر دەستی کردەوە بە هەڕەشە و هێزی جووڵاند، زەمەنی داعشیش لەبەرچاوانە، كە دەوروبەری بەغدا تەوق كرا، چۆن هاواری لێ هەڵسا و دەیویست عێراقییانە و لە هەمووان سۆز و پشـــتیوانی كۆبكاتەوە، دواتریش، کە بە پشتیوانی و گیانبەخشینی هەمووان لە خەم ڕەخسا، دیسان پڕكێشیی كرد و گەر پێی بکرایە هەڵەی گەورەشی دەكرد، ئەوە باسی دوای ڕیفراندۆمیش ناكەین، گەر سوپای عێراق لە پردێ و سحێلا شکستی نەهێنایە، چ نەخشە و پلان و پیلانێکی نادەوڵەتییانەی لە خەیاڵی نەخۆشیدا چێ کردبوو!..

ئەمە بەغدایە، لە لاوازیدا مەعقول دەبێت و لە بەهێزیدا نامەعقول، بۆیە ئەوانەی سیاسەت دەكەن، یا جۆرێك لە پێوەندییان لەگەڵ بەغدادا هەیە، موحەیەرن. بەكورتی بەرخوردكردن لەگەڵ بەغدا كارێكی قورسە، قورسە چونكە بەغدا خۆی نییە و وێنەکەی ڕوون نابینرێت، مامەڵەکردن لەگەڵ خۆنەبوون و ناڕوونی لە سیاسەت و حوكمڕانیدا وەك ئەوە وایە بەرخورد لەگەڵ وەهمدا بكەیت!.

ئەو مامەڵە خراپ و نێگەتیف و نادەوڵەتی و ناپایتەختییەی ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، سنوورەكانی تێپەڕاندووە و كاتی ئەوە هاتووە كورد و هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شـــەرعییەكانی کوردستان قسەی جددیان هەبێت، قسەیەک، کە دەستوور، یاسا، خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لێی وەردەگرن، بەڵام ئەمەشیان بەوە دەکرێت، کورد نێوماڵی خۆی کۆبکاتەوە و یەکڕیز و یەکهەڵوێســـت لەگەڵ خۆی وعێراق و دونیادا قسە بکات!..

 

هەواڵی پەیوەندیدار