هەفتەی سەردانە جیاوازەكەی سەرۆک بارزانی

هاودەنگ فارووق
لە هەفتەی ڕابردوودا، سەرۆك بارزانی، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونی ڕەوشی ژیانی خەڵک و گوێگرتن لە تێبینی و پێشنیازەکانیان، هەروا بۆ بەرچاوڕوونیی هاونیشتمانییان لەسەر دۆخی سیاسی ناوخۆ و گرفتەكانی نێوان، بەغدا_ هەولێر، گەیشتە دەڤەری بادینان و بە وردی و ئارامی، وەک سەرکردەیەکی خاوەنتەجرووبە و قاڵبووی خەم و ئازارەکانی گەل، ئاوێتەی جەماوەر بوو و گوێی لە قسە و داخوازی و گلەییەکانیان گرت.
هەڵبژاردنی کات و شوێن و شێوازی پەیوەندیی لەگەڵ جەماوەر، سەلماندنی ڕاستییەکە کە جەنابی سەرۆک بە گوێرەی پلانی تۆکمە و پێشتر دارێژراو، ئەو هەنگاوەی ناوە. ئەوەی بارزانی لەهەفتەی ڕابردوودا كردی، هەروەک بڕیاریشداوە لە ڕۆژانی داهاتوو لە دەڤەرەکانی دیکەی کوردستانیش بیکات، هەنگاوێکی پڕ ئومێدی گرنگە و لە کات خۆیدایە، جوڵەیەکی حەكیمانەیە بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی لەبارتری نێوان خەڵك و حكوومەت، هەروەک لە کاردانەوەی پاش کۆبوونەوەکانی بادینان هەستمان پێ کرد، چاوەڕوان دەكرێت ئەنجامی زۆر باش و دڵخۆشكارانەی هەبێت و لە ئێستاوە جەماوەری كوردستان دڵخۆشیی خۆیان بە هەنگاوەكانی سەرۆک دەربڕیوە.
ڕاستییەکەی هەركات كێشە و قەیرانەكانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان گەیشتبنە ئاستی گرێكوێرە، بە جوڵەیەکی سەرۆک بارزانی و دەستپێشخەرییەکانی كراونەتەوە؛ ئێستەش بەهەمان ئیرادە و بڕیار و بڕوابەخۆبوون، وەك مەرجەع و سیمبولی كوردایەتی هاتووەتە پێشەوە و دەیەوێت كێشەكان چارە بكات.
بارزانی لە بەردەڕەش، لەگەڵ چینوتوێژەكان كۆبووەوە و بە زمانی خۆی پێی گوتن: هاتووم بۆ ئەوەی چی لە ناختاندا هەیە، گلەییەكانتان بەڕوونی و ڕاشكاوی بەمن بڵێن! دیدار و گوێگرتن لە بۆچوون و پێشنیازی هاونیشتمانییان، جگەلە جۆشدانەوەی گیانی خۆڕاگریی و ئیرادەی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانی هاووڵاتییان، وزەیەکی زیاتری میللیە بۆ پشتیوانی حكوومەتی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئابوورییە سەختەی کە لە لایەن بەغداوە بۆ خەڵکی کوردستان دروست کراوە، هەروەك ڕاگرتنی هەندێ ڕێنمایی كە بارگرانی بۆ سەرخەڵك دروستكردبوو، سەرەتای ئەنجامی باشی ئەو هەنگاوەی سەرۆك بارزانییە، كە دەیەوێت سەنگی خۆی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە بەكاربهێنێت، كە ڕووبەڕووی گەل و خاکەکەمان بووەتەوە.




