٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئه‌ركی زانایانی ئایینی و هۆشیاریی نیشتمانی

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵڵا

سەرۆك بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ شاری دهۆك و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ زانایانی ئایینی و كەسایەتی و ڕیش سپی و كاسبكاراندا، بابەتێكی گرنگی بۆ ئامادەبووان باسكرد و داوای لە زانایانی ئایینی كرد، كە كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نیشتمانی و پێكەوەژیان بكەن و بایەخ بەم مەسەلە گرنگە بدەن، چونكە ئێستا زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێم هەست و درك بەوە دەكەن، ئەو توێژاڵەی زۆرترین دژایەتی هەرێم و حكوومەتەكەی دەكات، بە تایبەتی لە بوارەكانی سۆشیال میدیادا، ئەگەر سەیری پرۆفایل و كۆمێنت و گلەییە توند و ڕەقەكانیان بكەین، كە تاڕادەی داڕمانی هەرێم و دەسەڵاتەكەی بانگەشەی بۆ دەكەن، باكگراوندی ئیسلامیان هەیە و پرۆفایلەكانیان بە فەرموودە و ئایەتی قورئان نەخشێنراون، كە هەندێك لەوانەش بە ڕادەیەك دژایەتی هەرێم و ئیدارەكەی دەكەن، ڕەنگە بێ وێنە و نموونە بێت.

ئێمە لە بە دواداچوونێكی رۆژنامەوانیدا ئەو ڕاستییەمان بۆ سەلمێندرا، كە ئەمە تەنیا كاردانەوەی تاك نییە و هەڵوێستێكی خۆڕسكی عەفەوەییانە نییە، بەڵكوو وه‌ك بەرنامە بۆ داڕێژراو دەردەكەوێت و خۆی نیشان ده‌دات، چونكە كۆمێنت و توانجەكان سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێم هاوبەشن لە بیروبۆچوون و جۆری داڕشتن و ڕەفتاردا.

لە راستیدا ئێستاش ئەو وتارە توند و ڕاشكاوانەیە كە لەلایەن هەندێ مامۆستای ئایینی لە مزگەوتەكانیاندا لە ڕۆژانی هەینی بە تایبەتی دەبیسترێت و هه‌ندێكیان ڕاستەوخۆش دەگوازرێتەوە بۆ شاشەی تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا، بەشێكی كه‌م نا بەو ئاڕاستەیە گوزەر دەكات، كە گەنج و لاو بە تایبەتی بەگژ هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەریی و خۆشەویستی وڵات و بێ هیواو بێسوز به‌رامبه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ی بكات و لەژێر پەردەی ئاییندۆستی له‌ بارودۆخی سه‌ختی ئێستای هه‌رێم و دوژمنانی بێ ئاگا بكات، كه‌ ئه‌مه‌ هیچ لە بەرژەوەندیی هەرێمەكەمان نییە و خزمه‌تی دۆخی هه‌ستیاری ئه‌مڕۆی هه‌رێم ناكات.

ئێستا ئیتر كاتی ئەوە هاتووە، كە وەزارەتی ئەوقاف هەموو ئەو بەڕێزانەی كە مینبەری مزگەوتەكانیان بۆ ساردكردنەوەی هاووڵاتیان و دوورخستنەوەیان لە خۆشەویستی هەرێمەكەیان تەرخانكردووە، ئاگادار بكاتەوە و رێگەیان پێنەدات چیتر هاونیشتمانیان بەگشتی و گەنج و لاو بەتایبەتی، بە ئاراستەی توندڕەویی و سەركێشدا ببەن، پێویستە لە بری ئەو گوتارە توندە فیكرییە ئایینییەی لە مینبەری هەندێك مزگەوتدا دەبیسترێت، بگۆڕێت بۆ گوتارێكی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی نیشتمان و پێكه‌وه‌ژیانی شارستانیانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌رێمه‌كان له‌ به‌رچاوی هه‌موو جیهاندا شانازی پێوه‌ ده‌كات و به‌رز ده‌نرخێندرێت، پێویسته‌ داكۆكی لە خاك و زێد و نیشتمان بكەنە سەرمەشقی وەعز و ئامۆژگارییەكانیان بۆ گوێگران، ئەوەیش دەبێت وەك ئەرك و به‌رنامه‌ بە وتاربێژان بسپێردرێت و پێویستە كاریشی لەسەر بكرێت.

هەموو وڵاتانی ئیسلامی، ئایین بۆ خزمەت و بەرەو پێشەوەچوون و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان و خۆشەویستی وڵاتەكانیان تەرخان دەكەن، ئیدی بۆ دەبێ ئەمە لە نێو كۆمەڵگەی ئێمەدا پێچەوانە بێت! بۆیە پێویستە ئەو داوایەی جەنابی سەرۆك بارزانی كە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نیشتمانی و بنەماكانی پێكەوەژیانە، وەك خۆی پەیڕەو بكرێت و جێبەجێ بكرێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار