حیكمەتی " كوردستان یان نەمان"

هاودەنگ فارووق
لە یادی٧٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیماندا، دیسان بە دەنگی دلێر و بڵندەوە دەیڵێینەوە "كوردستان یان نەمان" حیكمەتی ئەم دەستەواژە پڕمانا و پیرۆزە لە یادگەی پارتی و بارزانیدا هەر زیندووە و هەر بە زیندوویش بۆ ئێستا و ئایندەی كوردستان دەمێنێتەوە.
ئەم دروشمە لە دوێنێ خەباتی پارتی و لە ئێستا و ئایندەی پارتیدا زۆر مانا هەڵدەگرێ، سەركردایەتی پارتی لە سەردەمێکدا دروشمی: " كوردستان یان نەمان" ی بەرز كردەوە، کە گەلی كوردستان لە سەختترین قۆناغەكانی نێوان مەرگ و ژیاندا بووە، لە بن ڕەحمەتی ئاگر و ئاسن و بۆمبارانی دڕندەترین هێڕشی داگیركەراندا بوو، هەڕەشەی سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوەیی لەسەر بووە، كۆمەڵكوژ كراوە.
لەو ساتە مێژووییە گرنگ و چارەنوسسازەدا، كوردستان یان نەمان ئەو دروشمە كاریگەرە بوو، بۆ فریادڕەسی مانەوەی میللەتێك و گیانفیدایی هەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتە بەرز كرایەوە، لە سێبەری خەبات و ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمرو تێكۆشەرانی ڕێبازی پارتی و بارزانی بۆ كوردستان، ڕێگای بە گژدا چوونەوی مەرگیان هەڵبژارد.
ڕاستییەکەی، ئەوەی ئەمڕۆ وەدی هاتووە و هەیە لە ئەنجامی ئەو دروشمە لە خۆبوردوو خۆنەویستەی ئەو تێكۆشەر و قارەمانانەی كوردایەتی و پارتایەتی بووە كە زۆرینەیان بوونە قوربانی و ژیانی خۆیان بە كوردستان بەخشی. بەشێكیش لەو تێكۆشەرانە ئێستەش لە ژیاندان و سەركردایەتی و ڕێنوێنیمان دەكەن و دەرسی" كوردستان یان نەمان" مان پێدەڵێنەوە. بۆ ئەوەی كاروانی خەبات و ئاڵای کوردستان هەر بە بڵندی بشەكێتەوە.
ئێستا كە كورد خاوەنی قەوارەی سیاسی و حكوومەت و خاكی ئازادی خۆیەتی، بەرهەمی خەباتی سایەی ئەو دروشمە مەزنەیە كە چەندین نەوەی لەسەر پەروەردە كراوە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بۆ ئێمە، هەر كوردستان یان نەمانە.




