٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

77 ساڵ تێكۆشانی بەردەوام

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ (77) ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا (16/8/1946) تێدەپەڕێ و بەوەش دەبێتە بە تەمەنترین حزبی سیاسیی كوردی كە لە بنیاتنانیەوە لەسەر دەستی شۆڕشگێڕێكی دێرین و تێكۆشەرێكی دیاری گەلەكەمان كە رەحمەتی جەنه‌ڕاڵ بارزانی مستەفا و یاوەرانی بوو دێتە مەیدانی خەبات و بەرخودان لە پێناو مافە زەوتكراوەكانی گەلەكەماندا، كە لە ئەنجامی پلانێكی نێودەوڵەتی بێ گوێدانە خواستی گەلەكەمان بە زۆرەملێ لكێنرا، بە دەوڵەتی عێراقه‌وه‌ ئەو عێراقەی كە لەسەر نەخشەدا دیزاینی بۆ كراو كۆمەڵی نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاجیای تێدا ئاخێندرا كە تا ئەمڕۆش نەتوانرا پێكهاتە جیاجیاكانی، بە تایبەتی گەلی كوردمان، وەكو پێویست بە ئامانجەكانی خۆی بگات.

ئەوەتا پاش سەد ساڵ لە دامەزراندن و پێكوه‌لكاندنی ئەم نەتەوە و ئاینە جیاوازانە نەتوانرا كۆمەڵگایەكی ساغڵەم و مرۆڤدۆست و دیموكراتی تێدا بنیات بنرێت، كە پێكهاتەكان بە مافە ڕەواكانی خۆیان شادبن و كۆمەڵگایەكی ئارام و پێكەوەژیانێكی شارستانییانەی تێدا فەراهەم بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان تا دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت بە مێتۆدی ئاشتیخوازانە داوای مافە زەوتكراوەكانی گەلەكەمانی كردووە، كە بە داخەوە هەمیشە بێ وەڵام بووە و لە جیاتی بە ئاگر و ئاسن وەڵامی دراوەتەوە، هەر بۆیە بە ناچاری پەنای بردۆتە بەر شۆڕش و خەباتی چەكداری و لەو ڕێگەیەشەوە حكومەتی عێراقی ناچار كردووە كە دان بە بڕێك لە مافەكانیدا بنێت وەك ئەوەی لە (11)ی ئاداری ساڵی 1970دا رێكەوتنی لەسەر كرا، كە وەك دەركەوت لە بڕوابوونەوە بە مافی گەلەكەمان نەبوو بەڵكو ئەویش تەنیا بۆ خۆكۆكردنەوەو بەهێزكردنەوەی خۆیان بوو، چونكە لە دوای چوار ساڵ لە گشت پەیمان و بەڵێنەكانیان پاشگەزبوونەوەو گەلەكەمانیان جارێكی تر دووچاری شەڕ كردەوە.

ئه‌گەر سەیری مێژووی ئەو (77) ساڵە بكەین، ئەوا دەیان دەستە و ڕێكخراو و ڕێكخستنی جۆراوجۆر دەبینین كە نەیانتوانیوە بەردوام بن و پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەیدانەكەدا سەربەرزانە ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە پێناو پاراستنی گەلەكەی و دەستكەوتەكانی گێڕاوە و لەسەر مافە ڕەواكانی هەرگیز سازشی نەكردووە و خەباتی بێوچانی بۆ كردووە و لەو پێناوەشدا هەزاران شەهید و قوربانی بۆ داوە. ئێستاش، ئەمڕۆ، هەموو بە چاوی خۆمان دەبینین كە كێ داكۆكیكاری راست و دروستە لە بەغدا و سازش لەسەر مافەكانی گەلەكەمان ناكات و بە بەردەوامی لە سەنگەری بەرژەوەندی گەلەكەماندایە و سوورە لەسەر داوا ڕەواكانی گەلەكەمان كە هەندێكیان لە دەستووریشدا جێگیركراون، بەڵام حكوومەتی عێراق و ناحەزانی ئەم هەرێمە و ئاژاوەگێڕانی ناوخۆش، لەلایەك، هەمیشە لەسەنگەردان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بزانن یان نەزانن ئەوا بەو هەڵویستە چەوتەیان دژایەتی داخوازی سەرجەم گەلەكەمان دەكەن.

لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمیشەوە پارتیمان ڕۆڵی كاراو كاریگەری لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا گێرا و بە سەلیقەو وردبینیەوە پیلانی بە پارێزگاكردنی هەرێمی كوردستانی لە گۆڕنا، دەنا دەویسترا عێراق بكرێتە (18) پارێزگا بە پارێزگاكانی هەرێمیشەوە، هەر بۆیە چەسپاندن و ناساندنی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێك لە عێراقێكی فیدراڵدا بە شانازییەكی مەزنه‌وه‌ بۆ پارتیمان لە قەڵەم دەدرێت، لەسەر مەسەلەی كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش، ئەوە پارتییە كە تا ئێستا داكۆكیكار و سوورە لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك و ئەو ناوچانە و جێبەجێكردنی ماددەی (140) بە چارەسەر و پێویست دەزانێت، ئەمڕۆ ئەركی پاراستنی هەرێم و قەوارەكەی و دەستكەوتەكانی، بە پلەی یەكەم، پارتیمان خستوویەتییە سەرشانی و شۆڕشگێڕانە داكۆكی لێدەكات و بە هەموو توانایەوە دەیپارێزێت و ئەو ئەركەش بەكاری لە پێشینەی خۆی دەزانێت و بەرامبەر نەیارانی هەرێم هه‌موو كات لە سەنگەری پێشەوە دایە.

هەواڵی پەیوەندیدار